شارپرێس:
باڵیۆزی ئیسرائیل لەئەمریکا پهیامێكى توندى بڵاوكردهوهو ڕایگهیاند، "ئەو سەرکردانەی حەماس كه لەهێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل لەدەوحە ڕزگاریان بوە، جارێکی دیکە ڕزگاریان نابێتو دەیانکوژین".
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، یەحیل لایتەر باڵیۆزی ئیسرائیل لەئەمریکا، لەوتارێکدا لەکۆمەڵگەی کاپیتۆڵی ئەمریکا وتویهتى، "ئێمە تیرۆریستانمان ئاگادارکردوەتەوە، لەهەر کوێیەک خۆیان حەشاربدەن، دەیاندۆزینەوەو لەناویان دەبەین".
ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو هەوڵیدا بەهێرشێکی ئاسمانی لەدەوحەی پایتەختی قەتەر، سەرکردە سیاسییەکانی حەماس بکوژێت، ئەمەریکا هێرشەکەی بەکارێکی تاکلایەنە وەسفکرد کە لەبەرژەوەندیی ئەمریکاو ئیسرائیلدا نییە.
هێرشە ئاسمانییەکە، ماوەیەکی کەم دوای ئەوەهات کە حەماس بەرپرسیارییەتی تەقەکردنەکەی ڕۆژی دوشەممەی لەئەستۆ گرت کە بوە هۆی کوژرانی شهش کەس لەوێستگەیەکی پاس لەدەوروبەری قودس.
ئۆپەراسیۆنەکەی دەوحە کە بەشێوەیەکی بەرفراوان سەرکۆنە کرا، لەکاتێکی زۆر هەستیاردا بوو، چونکە قەتەر میواندارییو نێوەندگیریی لەدانوستانەکاندا دەکرد کە ئامانجیان دەستەبەرکردنی ئاگربەست بوو لەشەڕی غەززەدا.
لایتەر، لەوتارەکەیدا بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام کە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیلو هەندێک وڵاتی زۆرینە موسڵمانی ئاسایی کردەوە، ڕەخنەی لەقەتەر گرت.
لایتەر وتی، "ئەگەر قەتەر مەبەستی پارەدارکردنو پشتیوانیکردنی تیرۆر نەبێت، بۆ میوانداریی سەرکردەکانی حەماس دەکات؟ ئەوانە سەرکردایەتیی ئەو چەکدارانە دەکەن کە شەش کەسی مەدەنییان لەوێستگەیەکی پاس لەقودس کوشت".
محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەریش دوێنێ چوارشەممە وتبوى، "لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکاندا چۆنییەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل تاووتوێدەکەنو سەرکردەکان لەداهاتویەکی نزیکدا لەدەوحە کۆدەبنەوە".
ئال سانی، ئهوهشى وت، "ئێمە لەگفتوگۆیەکی زۆر ورداین لەگەڵ حکومەتی ئەمریکاو پێویستە بزانین لەداهاتودا چیدەکەین".
لاى خۆیشیهوه بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەرکۆنەکردنی جیهانی بۆ هێرشەکەی سەر دەوحە، پشتگوێخستوەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەسەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوانترکردوە.
