شارپرێس:
بهوتهى بەشێک لەسەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، محەممەد شیاع سودانی هەوڵی دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەداتو لهبهرامبهریشدا نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەئاهەنگە جەماوەریەکانیەوە بەشێوەی هەڕەشە ئامێز پەیام بۆ سودانی دەنێرێتو پێی دەڵێت، نابێت بەهیچ جۆرێک هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن بدەیت، شرۆڤەکارێکی سیاسیش بۆچونى وایه، سەرۆک وەزیرانی عێڕاق ناتوانێت جارێکی دیکە پۆستەکەی وەرگرێتەوە، بۆیە هەوڵى دواخستنى هەڵبژاردن بۆ دوو ساڵى دیكه دهدات.
نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بانگەشەیهکی پێشوەختەی هەڵبژاردنی دەستپێکردوە، تەنها لەماوەی یەک هەفتەدا لەسێ ئاهەنگی جەماوەری، جەختی لەسەر یەک پەیام کردوەتەوە، ئەویش بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە لەکاتی دیاریکراوی خۆییو ڕوی قسەکانیشی لەمحەممەد شیاع سودانی كردوه وەک ئەوەی پێی بڵێ، بۆت نییە لەژێر هیچ بیانویەکدا هەڵبژاردن دوابخەیت.
لهوبارهیهوه کازم قورەیشی کاندیدی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ میدیاكان قسهیكردوهو وتویهتى، "هەروەک نوری مالیکی وتی، دواخستن، یانی شکستی پڕۆسەی سیاسی".
جهختیشیكردوهتهوه، "ئەگەر ئەو شکستە ڕوبدات، عێراق توشی هەڵدێر دەبێتو دەچێتە سەر ڕێڕەوێکی نایاساییو دەبێت لایەنەکان پشکی هەڵبژاردنی خۆیان وەرگرن، پێویستمان بەگۆڕانکارییەو بیانویەک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن".
وهكو باسدهكرێت، پرسی بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردنو دواخستنی، هێشتا ناکۆکی لەسەرە، بەشێک لەسەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆیان دەرکەوتوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرقاڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتیەکی نێودەوڵەتیو هەرێمایەتیو تەنانەت ناوخۆییشە بۆ دواخستنی پڕۆسەکە بەبیانوی خراپی دۆخی ئەمنی عێراقو ناوچەکە، ئەمەش توڕەیی لایەنە سیاسییەکانی بەدوای خۆیداهێناوە.
ئەحمەد سەراج شرۆڤەکاری سیاسی ئاماژهى بهوهداوه، سودانی توشی دڵەڕاوکێ بوە لەوەی کە لەعێراقو ناوچەکە ڕودەدەن، بۆیە هیچ متمانەی بەوەنییە کە لەهەڵبژاردن سهركهوتوبێتو جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆک وەزیران، چونکە سەقفی داواکاریهكانى ئەمریکا بەرزبوەتەوە، نە حکومەتو نە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیش ناتوانن جێبەجێی بکەن، لهبهرهئهوه باشترین بژاردە بۆ سودانی، دواخستنی هەڵبژاردنە بۆ ساڵێک یان دوو ساڵ.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیاروایه لە11ی 11ى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، وهكو كۆمسیۆنیش ئاشكرایكردوه، بۆ ئهو ههڵبژاردنه، 160 هاوپەیمانیو حزبو کاندیدی سەربەخۆ، کە حهوت ههزارو 900 کاندیدیان هەیە، کێبڕکێی بەدەستهێنانی 329 کورسی دەکەن.
