شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی قەتەر هێرشی کردە سەر ناتانیاهۆ و هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات دەڵێت: "وەڵام دەدەینەوە".
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، محەمەد عەبدول ڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر جەختی لەوە کردەوە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاژاوە دەبات و هەروەها تۆمەتباری کرد بەوەی هەوڵەکانی قەتەر لە نێوەندگیریدا بەفیڕۆ دەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، "تەواوی کەنداو لە مەترسیدایە"، ئاشکراشیکرد کە چەند ئەفسەرێکی قەتەری لە هێرشەکەدا برینداربوون و باری تەندروستییان ناجێگیرە.
ئال سانی ڕونیشیکردەوە، قەتەر بیر لە چاوخشاندنەوە بە ڕۆڵی خۆی دەکاتەوە وەک ناوبژیوانێک لە ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل، هەروەها بەردەوامبوونی بوونی حەماس لەسەر خاکی وڵاتەکەی، جەختی لەوە کردەوە:"وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل لە دۆحە دەبێت، و لە ئێستادا وەڵامدانەوەکە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە تاوتوێ دەکرێت".
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە و ڕاستەوخۆ قسەی بۆ قەتەر و وڵاتانی دیکەی داڵدەدەری سەرکردەکانی حەماس کرد و وتی: یان حەماس دەردەکەن یان دەیانخەنە بەردەم دادگا، یان ئێمە هەنگاو دەنێین.
ئ.ه
