شارپرێس:
گۆڤاری فۆرین ئەفێرزی ئەمریکی لە 10ی ئەیلولی 2025دا وتارێکی بڵاوکردوهتەوە کە تیایدا ئاماژە بەوەدەکات، بەردەوامبونی حکومەتی سوریا لەپەیڕەوکردنی سیاسەتی ناوەندگەرێتی توندو سەرکوتکردنی کەمینەکانو وایان لێدەکات زیاتر سوربن لەسەر مافەکانیانو بەرگری لێبکەن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات ، بەردەوامیی ئەم سیاسەتە دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبونی ململانێ ناوخۆییەکانو زیادبونی ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکیی لەلایەن هێزە ئیقلیمییەکانەوە وەک ئێرانو ئیسرائیل، کە هەڕەشە لەبەردەوامبونی هەژارییو نەهامەتیی سورییەکان دەکات بۆ چەندین ساڵی داهاتوو.
بهگوێرهى ئەو خوێندنەوە سیاسییانە، کارێکی ژیرانەیە ئەگەر ئەمریکا دەستبەرداری ڕەتکردنەوەی بنەڕەتی فیدراڵیەت بێتو لەبری ئەوە بەشداربێت لەپاڵنانی سیستەمێکی حوکمڕانیی کە دەسەڵاتی فراوانتر بەدەستە خۆجێیی یان هەرێمییەکان ببەخشێت، لەگەڵ هێشتنەوەی دۆسیە سەروەرییە گەورەکان وەک سیاسەتی دەرەوە، بەرگریی، پاراستنی سنورەکانو سیاسەتە داراییو نەختینەییەکان لەدەستی حکومەتی ناوەندیدا.
چاودێران پێیانوایە، سیستەمێکی لەم شێوەیە دەتوانێت هاوسەنگییەک لەنێوان پێداویستییەکانی یەکێتیی نیشتمانییو مافی کەمینەکان لەبەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا دروستبکات، هەروەها ئەم مۆدێلە لەمۆدێلی لوبنانی "سیستەمی سازان" کە ڕێگرە لەسەقامگیریی، گونجاوترەو بەبەراورد لەگەڵ ئەزمونی عێراق کە بەهۆی دەسەڵاتە فراوانەکانی هەرێمهوه ململانێی ئابوریی بەردەوامی تێدایە، باشترە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، بازنەکانی بڕیاردان لەواشنتۆن دەستیان بەگۆڕانکارییەکی کەمکردوە لەهەڵوێستەکانیاندا سەبارەت بەشێوازی حوکمڕانی لەسوریا.
نوسینگەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا زیاتر وریایە لەبەرگریکردن لەناوەندگەرێتی دەوڵەت، بەلەبەرچاوگرتنی تێچوی زۆری سەپاندنی حکومەتێکی ناوەندی گشتگیر.
هەروەک بەرپرسانی ئەمریکی لەمدواییانەدا، لەوانەش تۆم باراک لەمانگی ئابی ڕابردودا ئاماژەیان بەپشتگیریکردنی "شتێک کەمتر لەفیدراڵیەت" کردوە کە ڕەنگدانەوەی ئاراستەیەکی چارەسەری مامناوەندە، ئەم پێشنیازانە جەخت لەوەدەکەنەوە کە سورییەکان خاوەنی بڕیاری کۆتایین لەهەڵبژاردنی سیستەمی حوکمڕانیی خۆیان، بەڵام ڕۆڵی ئەمریکا کاریگەر دەمێنێتەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، پێویستە ئەمریکا قورسایی لێدوانەکانی بزانێتو بەناڕاستەوخۆ بەشدارینەکات لەهاندانی ئاراستە ناوەندگەرێتییە توندڕەوەکانی حکومەتی کاتی، چونکە ئەمە دەکرێت قوڵبونەوەی دابەشبونە ناوخۆییەکان، دوبارە پەرەسەندنی توندوتیژی، ڕێگریی لەگەشەپێدانی ئابوریو لاوازکردنی متمانەی دەوڵەتی سوریا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێبکەوێتەوە کە ڕێگە بۆ گەڕانەوەی وڵاتەکە بۆ ناو جەنگی ناوخۆیی دەکاتەوە.
