ڕاپۆرتێکی ئیتاڵی: قەیرانی بێئاویی لەعێراق لەم سەدەیەدا بێوێنە بوە

عیراق

14/09/2025‌ 3439 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماڵپەڕی "ئاسیا نیوز"ی ئیتاڵی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە کە عێڕاق قەیرانێکی وشەکساڵیی‌و بێئاویی بێوێنە بەخۆوە دەبینێت کە وەک "خراپترین شەپۆلی وشکەساڵی کە وڵات لەم سەدەیەدا" وەسفکراوە، بەشێوەیەک ئاستی ئاوی ڕوبارەکانی دیجلەو فورات بۆ نزیکەی 27٪ دابەزیوە، ئەمەش هەڕەشە لەئاسایشی ئاوی‌و ژینگەیی وڵاتەکە دەکات.


ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، دروستکردنی زنجیرەیەک بەنداو لەلایەن تورکیاوە لەسەرچاوەکانی فورات‌و دیجلە، پشکی ئاوی عێراقی بۆ کەمتر لە 35٪ی بەشەئاوەکەی کەمکردوەتەوە، لەکاتێکدا پارێزگاکانی باشور، بەتایبەتی بەسرە، زۆرترین کاریگەرییان بەهۆی ئەم گۆڕانکارییانەوە لەسەرە.

هەروەک ڕاپۆرتەکە ئەوەشیخستوه‌تەڕوو، عێراق بەیەکێک لەوشکترین ساڵەکانی لەدوای ساڵی 1933 تێپەڕ دەبێت، چونکە بڕی بارانبارین کەمبوەتەوەو کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا قووڵتربونەتەوە، ئەمەش قەیرانی ئاوی ئێستای کردوەتە "خراپترین قەیرانی بێئاویی لەمێژوی هاوچەرخی عێراقدا".

دەشڵێت، "ئەم دابەزینە بێوێنەیە لەئاستی ڕوباری فوڕاتدا هەڕەشە لەسیستەمی ژینگەیی دەکات، بەتایبەتی لەباشور کە دابەزینی ئاستی ئاو بوەتە هۆی زیادبونی پیسبون‌و بڵاوبوونەوەی قەوزە، وەک چۆن توێژەر حەسەن خەتیب لەزانکۆی کوفە جەختی لەوەکردوه‌تەوەو ئاماژەی بەوەکردوە کە ڕوبارەکە نزمترین ئاستی لەدەیان ساڵی ڕابردودا تۆمارکردوە.

ئەوەش هاتوە، بۆ دڵنیابون لەلێشاوی ئاو، عێراق ناچارە بڕێکی زۆر ئاو لەبەنداوەکانی بەربداتەوە، کە زیاترە لەوەی پڕدەکرێتەوە، ئەمەش مەترسی نەمانی یەدەگی ئاو دروستدەکات کە لەئێستادا لە8٪ی کۆی توانای تێپەڕناکات.

دەشڵێت، "وەزارەتی ژینگە لەمدواییانەدا ئاماژەی بەزیادبونی پیسبونی بەکتریایی‌و بڵاوبونەوەی قەوزە لەکەربەلاو نەجەف کرد، ئەمەش کوالێتی ئاوی خراپتر کردوە".

لەزیقار، دابەزینی لێشاوی ئاو بوە هۆی بڵاوبونەوەی ڕوەکی زەنبەقی ئاوی، کە بڕێکی زۆر ئاو هەڵدەمژێت‌و ڕێگریی لەگەیشتنی ڕوناکی‌و ئۆکسجین دەکات، ئەمەش هەڕەشە لەژیانی ئاوی دەکات.

لەکۆتاییدا دەڵێت، "بەمشێوەیە، عێراق ڕوبەڕوی یەکێک لەمەترسیدارترین قەیرانە ژینگەییەکانی دەبێتەوە، چونکە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەگەڵ سیاسەتە ئاوییە هەرێمییەکاندا تێکەڵدەبن بۆ ئەوەی داهاتوی سەرچاوەکانی ئاوی بخەنە مەحەکەوە".

بەپەلە