شارپرێس:
کیم یۆ جۆنگ خوشکی ڕێبەری کۆریای باکور، هۆشداریدهداته ئەمریکا، کۆریای باشورو ژاپۆنو ڕایگەیاند، مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانیان دەرئەنجامی نەرێنیی بۆ هەرسێ وڵات دەبێت.
کیم یۆ جۆنگ خوشکی کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور، هۆشداریدا کە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا، کۆریای باشورو ژاپۆن، دەتوانێت ببێتە هۆی دەرئەنجامی نەرێنی بۆ هەرسێ وڵات.
پێشتر سوپای کۆریای باشور ڕایگەیاندبوو، هەریەک لەکۆریای باشور، ژاپۆنو ئەمریکا، لە 15ی ئەیلولەوە مانۆڕی بەرگریی ساڵانەیان بەناوی "لێواری ئازادی" (Freedom Edge) دەستپێدەکەن، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی توانای ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی، دەریاییو ئەلیکترۆنی دژی هەڕەشە ئەتۆمیو موشەکییەکانی کۆریای باکور.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکور لەزاری کیم یۆ جۆنگەوە بڵاویکردەوە، "ئەمە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە نمایشی هێزی بێباکانە لەلایەن ئەمریکا، ژاپۆنو کۆریای باشورەوە لەشوێنی هەڵەدا، واتە لەدەوروبەری کۆماری دیموکراتیی گەلی کۆریا، بێگومان دەرئەنجامی نەرێنی بۆیان دەبێت".
میدیاکانی کۆریای باشور ئاماژە بەوەشدەکات، سیئۆلو واشنتۆن پلانیان هەیە ئەم هەفتەیە مانۆڕی (Iron Mace) ئەنجامبدەن، کە بریتییە لەڕاهێنان لەسەر تێکەڵکردنی توانای کلاسیکیو ئەتۆمیی هەردوو وڵات دژی هەڕەشەکانی کۆریای باکور.
پیۆنگیانگ بەردەوام ڕەخنە لەم مانۆڕە هاوبەشانە دەگرێتو بەڕاهێنان بۆ داگیرکاری ناویان دەباتو هەندێکجاریش بەتاقیکردنەوەی چەک وەڵامی داونەتەوە، لەبەرامبەردا، سیئۆلو واشنتۆن جەختدەکەنەوە، مانۆڕە سەربازییەکان تەنها بەرگریکارانەن.
