ئیسرائیل پلانی کوشتنی سەرکردەکانی حەماسی لەمیسر هەیە.. قاهیرە بەراگەیاندنی جەنگی هەژمار دەکات

جیهان

14/09/2025‌ 4633 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر سەرکردەکانی حەماس لەدەوحە، پرسیار لەسەر ڕۆڵی ئەو وڵاتەی وەک ناوبژیوان لەگفتوگۆی ئازادکردنی بارمتەکاندا دروستکردوە، گرژییەکی زۆر لەسەر ئاستی هەرێمی دروستبوو.


ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکردوه‌، میسر وەک ناوبژیوانێکی سەرەکی تر، بڕیاریداوە هاوئاهەنگی ئەمنیی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل "تا کاتێکی نادیار" کەمبکاتەوە، ئەمەش وەک ڕێکخستنەوەی هاوکاری ئەمنیی وەسفدەکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای لەزاری بەرپرسانی باڵای میسرەوە بڵاویکردوه‌تەوە، قاهیرە پلانی ئیسرائیلی بۆ کوشتنی سەرکردەکانی حەماس لەناو میسردا ئاشکراکردوەو جەختیکردوه‌تەوە، پێشتر هەوڵی هاوشێوەی لەکاتی گفتوگۆکانی قاهیرە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا پوچەڵکردوەتەوە.

بەرپرسێکی ئەمنی میسریش جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر خاکی میسر بەپێشێلکردنی سەروەریی‌و ڕاگەیاندنی جەنگ دادەنرێت‌و وەڵامەکەشی لەلایەن قاهیرەوە توند دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە کە سەرکردەکانی حەماس لەمیسر نیشتەجێن، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەبونی ژمارەیەک لەسەرکردەکانی حەماس لەو وڵاتە کردوە کە لەچەندین ساڵی ڕابردودا له‌وێ نیشتەجێبون.

لەهەمانکاتدا، سەرچاوەیەک لەحەماس ڕایگەیاندوە، قاهیرە لەوانەیە تاووتوێی میوانداریکردنی سەرکردەکانی حەماس بکات ئەوانەی نیشتەجێی دەوحەن، دوای بۆردومانەکەی ئیسرائیل، بەڵام ئەمە هێشتا تەنها ئەگەرێکەو پەیوەستە بەگەرەنتییەکانی ئەمریکا. 

هەروەک وتوشیەتی، "هەڵوێستی میسر بەرامبەر ئیسرائیل زیاتر توند دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی قاهیرە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل ڕێز لەپەیوەندییەکانی لەگەڵیان ناگرێت".

بەپەلە