ئه‌عره‌جى كه‌مپێكى كوردستان به‌مه‌ترسیدارو بۆمبى ته‌وقیتكراو ناوده‌بات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6279 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌رپرسێكى باڵاى ئه‌منى عێراق هۆشداریده‌دات له‌باره‌ى كه‌مپى هۆل له‌ڕۆژئاواى كوردستان‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و كه‌مپه‌ بۆمبێكى ته‌وقیتكراوه‌".


قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگه‌یاندوه‌، "کەمپی هۆل هێشتا هەڕەشەی ئەمنییە لەسەر عێراق‌و وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوە، ئێمەش بەهەموو توانامانەوە کار بۆ داخستنی دەکەین".
 
ئەعرەجی بۆ میدیاى نزیك له‌پارتى قسه‌یكردوه‌و وتویه‌تى، "هه‌ماهه‌نگى تەواو لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکا هەیە، بۆ هاندانی وڵاتان بۆئەوەی هاوڵاتییانیان لەکەمپەکەوە بگەڕێننەوە".
 
بڕیاروایه‌ 26ی ئه‌م مانگه‌، لەشاری نیویۆرکی ئەمریکا بەبەشداریی سەرۆک کۆمار، وەزیری کۆچ‌و کۆچبەران، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، نوێنەرانی ئەمریکاو هاوپەیمانانی دژی داعش، کۆنفرانسێک لەبارەی دۆسیەی کەمپی هۆل به‌ڕێوه‌بچێت.
 
به‌وته‌ى ئه‌عره‌جى، "عێراق لەپەراوێزی کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بەکەمپی هۆل سازدەکات، ئەوەش بەمەبەستی هاندانی 42 وڵات تاوەکو هاوڵاتییەکانیان لەکەمپەکەوە بگەڕێننەوە، عێراق لەدۆسیەی کەمپی هۆلدا، پشتگیریی تەواوی دۆستەکانی هەیە، لەپێش هەمویانەوە ئەمریکا".
 
کەمپی هۆل دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان‌و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دایە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانیش، کەمپه‌كه‌ نزیکەی 27 هەزار کەسى تێدایه‌.
 
 وه‌كو ئه‌عره‌جى باسیكردوه‌، "ئەوکەسانەی لەکەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە، سەرەتا لەکەمپی جەدعە لەباشوری موسڵ جێگیردەکرێن کە ئێستا ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ سەنتەری هیوا؛ لەو سەنتەرەدا پرۆسەی شیاندنەوەو ئامادەکردنیان بۆ تێکەڵبونەوە بەکۆمەڵگەکانیان بەڕێوەدەچێت".

بەپەلە