پاره‌ى مانگى نۆ گه‌یشت‌و سبه‌ینێ دابه‌شده‌كرێت

کوردستان

05/10/2025‌ 17086 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی پێشمەرگە گه‌یشتنى هاوکاریی دارایی هاوپەیمانانى بۆ مانگی نۆى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ئاشكراكردو ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "سبەینێ دوشەممە دەست بەدابەشکردنی بکرێت"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئەم مانگە 97%ی هێزەکانی پێشمەرگە لەڕێگەی پڕۆژەی هەژماری منەوە هاوکارییەکە وەردەگرن".


وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیه‌ندراوێکى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ڕایگەیاندوه‌، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی نۆ گەیشتوەو تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیه‌ندراوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجەو بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازیی) دەستیکردوە بەئەنجامدانی ڕێکارە دارایی‌و ژمێریارییەکان بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ڕۆژی دوشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025، واته‌ سبه‌ینێ، دەست بەدابەشکردنی هاوکارییەکە دەکرێت".

وەزارەته‌كه‌ ڕونیشیکردوەتەوە، "لەم مانگەدا، نزیکەی 97%ی ئەفسەر، پلەدارو پێشمەرگە لەڕێگەی سیستمی پڕۆژەی هەژماری منەوە هاوکارییەکە وەردەگرن‌و ئەوانی دیکەش لەڕێگەی سیستمی بانکییەوە هاوکارییەکانیان پێدەدرێت".