ئاگاتان له‌به‌هاى زێڕه‌؟ ژماره‌ى پێوانەیی تۆمارکرد

ئابوری

08/10/2025‌ 5698 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ گەیشتە سەروی چوار هەزار دۆلارو ئەوەش بەراورد بەدوو مانگی ڕابردودا، نزیکەی 700 دۆلار بەرزبوەتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەبازارەکانی هەرێم گەیشتە چوار هه‌زارو 36 دۆلار، هەروەها یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 819 هەزار دینارە، ئەمەش بەرزبونەوەیەکی مێژوییە لەنرخی زێڕدا، شارەزایانیش پێشبینی بەرزبونەوەی زیاتری نرخه‌كه‌ى دەکەن.

نزیک دوو مانگ پێش ئێستاو به‌دیاریكراوى لەڕۆژی 11ی ئابی 2025، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ سێ هه‌زارو 359 دۆلار بوو، هەروەها نرخی یەک مسقاڵ زێری عەیار 21یش بە663 هەزار دینار بوو.

زێڕ بەشێوەیەکی گشتیی ڕوی لەبەرزبونەوەیە، هۆکاره‌كه‌شى ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ (نزمبونەوەی ڕێژەی سودی بانکیی لەئەمریکا، دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکا، شەڕی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیاو کڕینی بڕێکی زۆڕى زێڕ لەلایەن حکومەتی چینەوە)، ده‌وترێت هەموو ئه‌وانه‌، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر نرخی زێڕ دروستكردوه‌.