مەسعود بارزانی: دەبێت یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت

کوردستان

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 829 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:


لەهەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەولێر مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبەکە ڕایگەیاند، هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن گرنگەو خۆشحاڵ بووم کە ژمارەیەک کاندیدی عەرەب و تورکمان لەسەر لیستی پارتی خۆیان کاندید کردووەو بوونی پێکهاتەکان لە لیستی پارتیدا لیستەکەمان بەهێز دەکات. 


 مەسعود بارزانی دەڵێت، دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشیی کورد و عەرەب دامەزرا، بەڵام بەداخەوە نەک نەبووینە هاوبەش، مافی هاووڵاتیشمان نەبوو، هاوبەشیی ئێمە بوو بە ئەنفال و کیمیابارانکردنی دێهاتمان و دوای 2003یش نانی ئەو ئەنفالکراو و کیمیابارانکراوانەیان بڕی. 


 بارزانی دەشڵێت، ئومێدەوارم ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی نوێ بێنێتە پێش و ئەو هەڵانەی کراون، دووبارە نەکرێنەوە، چ لەلای ئێمەوە، چ لەلای ئەوان و هەر دەرفەتێک هاتبێتە پێشەوە بۆ ئاشتی، لەدەست نەدراوە. 


ڕاشیگەیاند، بە بوونی دیموکراسییەکی راستەقینە، مافەکان دەستەبەر دەبن، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرایە، زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەبوون، بەڵام بەداخەوە پێوەی پابەند نەبوون.


سەرۆکی پارتی وتیشی، یاسای هەڵبژاردنی ئێستا کاری پێدەکرێت، یاسایەکی نادادپەروەرە و دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگۆڕدرێت. 

 

بەپەلە