شارپرێس:
بهگوێرهى وتهى سهرچاوهیهكى ئاگادارى عێراق، ئەنجومەنی وەزیران نوسراوی خەرجکردنی موچەی مانگی 8ی موچەخۆرانی هەرێمی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردوه، دهشڵێت، "لەوەزارەتی دارایی عێراقەوە لەگەڵ گەیشتنی نوسراوەکە دەستکراوە بەڕێکارەکانی ناردنی موچەو سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارهكه دهخرێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم"، سهرچاوهیهكیش لهههرێم دهڵێت، "بۆ موچەی مانگی 9ش حکومەتی ههرێم سێ هەنگاو دەگرێتەبەر".
سێشهممهى ڕابردوو لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا سودانى بڕیایدا بەناردنی موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی ههرێم، نوسراوەکە ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوەو بۆ گەیشتنی موچەش چەند ڕێکارێکی ئیداری پێویستە، هەر بۆیە چاوەڕواندەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو موچە بگات.
سهرچاوهكانى ههواڵ باس لهوهدهكهن، ڕێکارەکانی ناردنی پارە لەوەزارەتی داراییو بانکی ناوەندیی عێراق دوو بۆ سێ ڕۆژ دەخایەنن، بۆیە ناردنی پارە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
چاوەڕواندەکرێت تا ڕۆژی دوشەممەی داهاتوو ڕێکارەکان تەواو بکرێنو تا پاشنیوەڕۆی سێشەممە 28ی مانگ پارە بخرێتەسەر هەژماری وەزارەتی داراییو ئابوریی هەرێم لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی.
بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش ڕایگهیاندوه، بەوپێیە ڕۆژانی چوارشەممەو پێنجشەممەی داهاتوو موچەی مانگی هەشت دابەشدەکرێت.
سەبارەت بەچارەنوسی موچەی مانگەکانی دیکە، بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەداوە، هێشتا چوار موچە ماونو تەنها دوو مانگ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ساڵی دارایی 2025.
ئەو بەرپرسە ئاشکرایکردوە، لیستی موچەی مانگی نۆ نێردراوەو کێشەی نییە، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێمو وەزارەتی دارایی سێ هەنگاوی دیکە بگرنەبەر، ئهوانیش:
ـ ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی مانگی نۆ تا سەرەتای مانگی 11.
ـ ناردنی میزان موراجەعەی مانگی نۆ (ڕاپۆرتی خەرجیو داهاتەکان) تا سەرەتای مانگی 11.
ـ شاندی دانوستانکاری حکومەتی ههرێمو وەزیرانی کورد لەبەغدا هەوڵەکانیان چڕبکەنەوەو گوشاربکەن بۆ ئەوەی سوودانی ناچاربکەن مووچەیەکی دیکە پێش هەڵبژاردن بنێرێت.
بەرپرسە عێراقییەکە هۆشداریداوە کە ئەگەر ئەو هەنگاوانە جێبەجێنەکرێنو موچەیەکی دیکە پێش هەڵبژاردن نەنێردرێت، ئەوا ئەمساڵ دوو موچە دەفەوتێن، چونکە سودانی نیازی وایە لەکۆتایی هەموو مانگێک موچەیەک بنێرێت، واتا جگە لەموچەی مانگی هەشت، تەنها موچەی مانگەکانی 9و 10 دەنێرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمیش باسى لهوهكردوه، ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی کێشەی نییەو هەفتەی داهاتوو ئامادەدەبێت، هەروەها کاریش لەسەر میزان موراجەعە دەکرێتو تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت، بەڵام تائێستا هیچ داوایەکی فەرمی لەبەغداوە بۆ ناردنی ئەو داهاتو میزان موراجەعەیە تا سەرەتای مانگی داهاتوو نەکراوە، ئەگەر داوامان لێبکرێت، ئەوا ئامادەین.
