مەتەڵێک لەبارەی دیاردەیەکی سروشتیی مەریخ ئاشکرادەکرێت

هەمەڕەنگ

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1346 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدۆزینەوەیەکی زانستیی سەرنجڕاکێشدا، تیمێک لەتوێژەرانی هۆڵەندی سەرکەوتوبون لەچارەسەرکردنی مەتەڵێک کە بۆ ماوەی 25 ساڵ زانایان سەرسامکردبوو، دوای ئەوەی ئاشکرایانکرد، سەهۆڵی وشک بەرپرسە لەهەڵکۆڵینی گردە لمییەکانی هەسارەی بارام (مەریخ) کە هەموو بەهارێک گردە لمییەکانی مەریخ دەڕازێننەوە.


توێژینەوە نوێیەکە کە لەتاقیگەیەکی تایبەت بە "ژوری بارام" ئەنجامدراوە، سەلماندی کە ئەو کێڵگانە شوێنەواری لافاوی ئاو نین، بەڵکو دەرئەنجامی تەقینەوەی بەستەڵەکی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنن (ساردەمەنی وشک).

کاتێک تیشکی خۆر بەناو بەستەڵەکە نیمچەشەفافەکەدا تێدەپەڕێت‌و گەرمی دەدات بەژێر خۆڵەکە، پەستانێکی زۆر دروستدەبێت تا ساردییە وشکەکە ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت بۆ گاز.

ئەم گازە لەپڕ تەقینەوەیەک دروستدەکات‌و بەهێزەوە خۆڵەکە فڕێدەدات، بەجۆرێک کەلێن‌و گێڕەڵۆکە لولپێچەکان دروستدەبن.

لۆنیکە ڕۆلۆڤز جیۆلۆجیزانی زانکۆی ئۆترێخت ڕایگەیاند، "ئەنجامی تاقیکردنەوەکە وەک دیمەنێک بوە لەفیلمی (دیون)دا کە کرمە خۆڵییەکان لەژێر زەویدا دەجوڵێن".

ئەم دۆزینەوەیە ڕونیدەکاتەوە کە چۆن ساردیی وشک کە لەوەرزی زستاندا تا 70 سانتیمەتر ئەستور دەبێت، لەگەڵ هاتنی بەهارداو دەستپێکردنی جوڵەی، نەخشەو شێوەی تایبەت بەخۆی لەسەر لێوارە خۆڵییەکان جێدەهێڵێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی