شارپرێس:
نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق داوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەلایەنەكان دەکات و دەڵێت، عێراق شایستەی ئەوەیە کە سەرکردەی بەتوانا بەڕێوەی ببات کە بتوانێت خواستەکانی گەل بە دی بهێنێت.
محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی یونامی بەغدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردوەتەوەو ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 8ی تشرینی دوەمی 2025: سەردانی بارەگای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکایان کرد بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق و لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنیش سەبارەت بەئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوە.
دەشڵێت، داوا دەكەین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجامبدرێت بەمەبەستی بەرژەوەندی و سەقامگیری و ئایندەی عێراق بەڕێوە بچێت.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەپێناوی پەیڕەوکردنی مافی دەستوریی لەناردنی کەسی شایستە بۆ پەرلەمانی عێراق خەڵک بەشێوەیەکی فراوان بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن.
محەممەد حەسان هیواشی خواست عێراق هەنگاو بەرەو سەقامگیری و گەشەکردنی زیاتر بنێت و دەڵێت، لەڕاستیدا، عێراق شایستەی ئەوەیە کە سەرکردەی بەتوانای وا بەڕێوە بەرن کە بتوانن خواستەکانی گەل بەدیبهێنن دور لەگیانی تایەفەگەری و خزمخزمێنێ و دروشمی بێ ناوەڕۆک.
