دەنکی هەنار یان شەربەتەکەی کامیان بۆ دڵ باشن؟

تەندروستی

12/11/2025‌ 1503 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەنارو شەربەتەکەی وەک سەرچاوەیەکی بەهێزی دژەئۆکسان ناسراون، بەڵام بەهای خۆراکییان جیاوازە، به‌گوێره‌ى بابەتێکی پێگەی «verywellhealth»، گەورەترین جیاوازییان لەبابەتی ڕیشاڵەکاندایە.


دەنکەکانی هەنار دەوڵەمەندن بەڕیشاڵ، بەجۆرێک 100 گرام نزیکەی چوار گرام ڕیشاڵی تێدایە، لەکاتێکدا شەربەتی هەنار لەپرۆسەی دروستکردنیدا ڕیشاڵی تێدا نامێنێت‌و نزیکەی سفرە.

وەرگرتنی ڕیشاڵێکی باش (کە پێویستی ڕۆژانەی گەورەساڵان 22 بۆ 34 گرامە) زۆر گرنگە بۆ ڕێکخستنی شەکری خوێن، تەندروستیی دڵ‌و کرداری هەرس، ئەمەش وادەکات دەنکەکانی هەنار بەشێکی گرنگ بن لەپڕکردنەوەی پێداویستیی ڕۆژانەت.

لەڕوی دژەئۆکسانەوە، هەنار بڕێکی بێوێنەی تێدایە کە سێ ئەوەندەی چای سەوز یان شەرابی سورە، شەربەتی هەنار زۆر دەوڵەمەندە بەجۆرێک لەدژەئۆکسان بەناوی پۆلی فینۆلەکان، لەوانەش ئەنسۆسیانین کە ڕەنگە سورە تۆخەکەی پێدەبەخشێت.

لەبەرامبەردا، دەنکەکان ڤیتامین C ی زیاتریان تێدایە، لێکۆڵینەوەکان باس لەوەدەکەن، بەهۆی بڕی زیاتری پۆلی فینۆل‌و گەورەتربونی قەبارەی ژەمەکە، پێدەچێت شەربەتی هەنار بڕێکی گشتیی زیاتر لەدژەئۆکسان بدات.

سەبارەت بەتەندروستیی دڵ، هەردوو دەنک‌و شەربەتی هەنار سودبەخشن، دژەئۆکسانەکانی ناو هەنار هەوکردن کەمدەکەنەوەو نەرمیی خوێنبەرەکان باشتردەکەن، هەندێک توێژینەوەش ده‌ڵێن، شەربەتی هەنار لەوانەیە یارمەتیدەربێت لەدابەزاندنی پەستانی خوێن، لەکاتێکدا ڕیشاڵی ناو دەنکەکان مەترسی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە.

لەکۆتاییدا، هەرچەندە زۆربەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر شەربەتی هەنار کراون، بەڵام دەنکەکان لەبەر بونی ڕیشاڵێکی زۆر باشترن‌و پێویستمان بەتوێژینەوەی زیاترە بۆ یەکلاییکردنەوەی تەواوی جیاوازییەکان.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی