شارپرێس:
ئهمڕۆ شهممه تاقیگەی (ساندیا)ی سەر بەوەزارەتی وزەی ئەمریکا ئاشكرایكرد، فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری ئێف-35، چەند بۆمبێکی ئەتۆمی جۆری بی-61-12ی بێ کڵاوەی جەنگی خستوەتە خوارەوە لەمەیدانی تاقیکردنەوەی تونۆبا لەویلایهتى نێڤادا.
تاقیگەكه دهڵێت، "تاقیکردنەوەکان لەنێوان 19 بۆ 21ی ئابی ئهمساڵ ئەنجامدراون وەک بەشێک لەهەڵسەنگاندنی ساڵانە بۆ متمانەپێکراویی کۆگای چەکی ئەتۆمیو ڕاهێنانی فڕۆکەوانان، هاوكات ماوەی خزمەتکردنی بۆمبەکانی بی-61-12 بۆ 20 ساڵی تر درێژکرایەوە لەساڵی 2024وە".
پێشتریش دۆناڵد ترهمپ نیازی خۆی پشتڕاستکردبوەوە بۆ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەلایەن وڵاتهكهیهوه، بەبێ پێشکەشکردنی هیچ وردەکارییەک بۆ ئاسایشى نیشتیمانىو گشتیی ئهمریكا.
ترهمپ بهتهنزهوه بۆ وڵاتانی دژ بهری ئهمریكا وتبوى، "ئەم وڵاتانە دەتوانن لەماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی تر بەئهمریكا بگەن لەڕوی هێزی کۆگای چەکی ئەتۆمییەوە".
باس لهوهشكراوه، بڕیاروایه بەرپرسانی وەزارەتی وزە لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی کۆببنەوە بۆ ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی ترهمپ سەبارەت بەئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی تەقێنەر، بهگوێرهى ئەوەی کە كهناڵی "سی ئێن ئێن" باسیكردوه.
هاوكات ئیدارەی نیشتمانی ئاسایشی ئەتۆمی، سەر بەوەزارەتی وزەى ئهمریكا، ئەو دەزگا فیدراڵییەیە کە بەرپرسیارە لەدروستکردنو تاقیکردنەوەی بۆمبەکانو پاراستنی کۆگای ئەتۆمی، نەک وەزارەتی جهنگ.
تۆڕی "سی ئێن ئێن" ئاماژەی بەوەکردوه، لەکۆبونەوەی داهاتوی کۆشکی سپیدا، بەرپرسانی دەزگای نیشتمانی ئاسایشی ئەتۆمیو وەزارەتی وزە خۆیان ئامادەدەکەن بۆ خستنهڕوی ڕاپۆرتێك لهبارهی تاقیكردنهوهی تەقاندنەوەی مادە ئەتۆمییەکان لهڕۆژانی داهاتودا.
