شارپرێس:
دەمپارتی داوا دەكات دەستبەجێ قەییوم هەڵبوەشێنرێتەوەو ئاستەنگی بەردەم شارەوانییەكان هەڵبگیرێت.
دەمپارتی لەکۆبونەوەیەكدا بەناوی کۆبونەوەی هاوشارەداران و هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی گشتیی شارەکان كە هاوسەرۆکانی دەمپارتی تێبدا ئامادەبون، ڕایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ سیستەمی قەییوم هەڵبوەشێنرێتەوەو ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم کارەکانی شارەوانییەکاندان لاببرێن.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەمپارتی، ڕایشگەیاند، ئەگەر باس لەپرۆسەی دیموکراسی دەکەین، ئەوا پێویستە سەرەتا ئەم قەییومانە لەناوببرێن.
هاوکات، ئەو هاوشارەدارانەی کە قەییوم لەشوێنیان دانراوە، ئاماژەیان بەوەدا، ناکرێت لەلایەکەوە باسی ئاشتی بکرێت و لە لایەکی دیکەوە سیستەمی قەییوم بەردەوام بێت.
عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی شارەوانیی وان، وتی،" هیوادارین دەسەڵات و دەوڵەتی تورکیا بەجددییەتەوە هەنگاو بنێن. ئەگەر ئاشتییەک بێتە ئاراوە، ئەگەر تێکۆشانی چەکداری بوەستێت و ڕێگایەکی نوێی سیاسەتی دیموکراتی دەست پێ بکات، پێویستە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان کۆتایی پێبێت و شارەوانییەکان ڕادەستی گەل بکرێنەوە.
بەرپرسانی دەم پارتی جەخت لەوە دەکەنەوە بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری و بەهێزکردنی متمانەی گەل بەپرۆسەکە، پێویستە زیندانیانی سیاسی ئازادبکرێن و ئەو شارەوانیانەی بەویستی گەل بەدەستهاتوون، ڕادەستی گەل بکرێنەوە.
ڕوشتو تریاکی، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی، ڕایگەیاند، دەرفەتێک هەیە پێویستە دەسەڵات هەنگاوی جددی بنێت. ئەگەر قەییوم بەردەوام بێت و هاوسەرۆکەکانمان وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لەزیندان بمێننەوە، گەل ئەمە قبوڵ ناکات، چیتر هیچ بنەمایەکی سیاسی و یاسایی بۆ مانەوەی قەییومەکان نەماوە.
