شارپرێس:
بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ ئاشكرایكرد، كە داهاتی نەوتی كوردستان دەچێتە هەژماری بانکی ناوەندی عێراق لەبانکی فیدڕاڵی ئەمریکاو دواتریش ڕاستەوخۆ دەچێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق و دەڵێت، کۆمپانیای ود ماکێنزی کە وەک کۆمپانیای ڕاوێژکاری بۆ دیاریکردنی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی کوردستان دیاریکراوە، بەمزوانە دەچێتە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان و نرخی تەواوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دیاری دەکات.
عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازارکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەچاوپێککەوتنێکدا لەکەناڵی عێراق 24 ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نەوتی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان مێژوییە و لەبەرژەوەندی هەموو وڵات دایە.
ئەوەش ئاشكرادەكات، كەداهاتی نەوتی کوردستان دەچێتە هەژماری بانکی ناوەندی عێراق لەبانکی فیدڕاڵی ئەمریکاو دواتریش ڕاستەوخۆ دەچێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، لەبەرامبەریشدا بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، نەوت بەکۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لەکوردستان دەدرێت".
وتیشی، کۆمپانیای ود ماکێنزی کە وەک کۆمپانیای ڕاوێژکاری بۆ دیاریکردنی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی کوردستان دیاریکراوە، بەمزوانە دەچێتە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان و نرخی تەواوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دیاری دەکات، بۆیەش باوەڕی وایە ئەم ڕێککەوتنە لەداهاتودا دەبێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز.
بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، نەوتی قورسی بەسڕە بەچوار دۆلار کەمتر لەنەوتی برێنت دەفرۆشین، بەڵام نەوتی کەرکوک و کوردستان هاوشێوەی برێنتەو بەهەمان نرخ لەبازارەکانی جیهان ساغ دەکرێتەوە.