شارپرێس:
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوە
لەبارەی کاردانەوەکانی سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ باکوری کوردستان دەدات و
دەڵێت، ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە سەردەمێکی ناوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری
تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئارادایە.
حکومەتی
هەرێمی کوردستان لەڕونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردوە،" سەردانی مێژویی مەسعود بارزانی بۆ پارێزگەی شڕناخ و
دەڤەری جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپوزیومی مەلایێ جزیری و دەربڕینی پشتیوانی
خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە لایەن دامودەزگا فەرمییەکانی
حکومەت و خەڵکی ناوچەکە لە بەڕێزیان کرا، جێگەی سوپاس و پێزانینە، بەڵام دواتر لێکدانەوە و
خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو و دوور لە مەبەست هاتنە ئاراوە، کە دڵگرانیی
لێکەوتەوە ".
ئەوەشیخستەڕوو، ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە
کە سەردەمێکی ناوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە
ئارادایە.
حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد،" پرۆسەی
ئاشتیش هەنگاوێکی دروستە لە چارەسەرکردنی پرسێکی گرنگ و هەستیار و دەستخۆشی لە حکومەت
و حزبە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا و هەموو لایەک دەکەین کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبوە لە
بەرەوپێشبردنی ئاشتی وسەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا ".
راشیگەیاند،" بە پێویستی دەزانین
هەموو لایەکمان بە هاوکاریی یەکتر، هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانیەکان بدەین و جەخت
لە قوڵترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیهێنانی ئاشتەوایی و پاراستنی بەرژەوەندییە
هاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە بکەین ".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2025/12/4
