شارپرێس:
حكومهتى عێراق زۆر بهخێرایى لەدانانی حزبوڵڵای لوبنانیو حوسییەکانى یهمهن لەلیستی تیرۆردا پاشگەزبوەوە.
حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دانانی ناوی ژمارەیەک لیست و قەوارە لە لیستی تیرۆر "هەڵە بووە" و هۆکارەکەی بڵاوکردنەوەی رەشنووسی لیستەکە بووە پێش وردبینیکردنی، هەر بۆیە ناوی حزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا.
لیژنەی بلۆککردنی سەروەت و سامانی تیرۆریستان لە عێراق ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ناساندنی حووسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی لە ڕیزی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە لەسەر بلۆککردنی سەروەت و سامانی لیستی قەوارە و کەسایەتییەکانی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و ئەلقاعیدە بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە لەسەر داوای داواکاری مالیزیا و بەپێی بڕیاری ژمارە 1373ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. جەختیشی کردەوە، ئەم لیستە چەند لایەن و قەوارەیەکی تێدایە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە هیچ چالاکی تیرۆریستییەوە نییە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی ناوبراو.
ڕوونیشی کردەوە، ڕەزامەندی لایەنی عێراقی تەنیا بۆ ئەو قەوارە و کەسانەی پەیوەندیان بە داعش و ئەلقاعیدە هەیە دەگرێتەوە، هەروەها ناوی قەوارەکانی دیکەش لەبەر ئەوە بووە کە لیستەکە پێش پێداچوونەوەی لایەنی عێراقی بڵاوکرابووەوە.
