ڕوسیا پەلکێشی شەڕی ناوخۆی سودان کرا و ئەمریکاش جوڵە دەکات

ڕاپۆرت

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 978 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکاتێکدا ئیمارات هەوڵەکانی لەڕێگای پشتیوانی خێراوە چڕکردووەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی زیاتر و لاوازکردنی سوپا، کە لەلایەن سعودیەو میسر و تورکیاو ئێران و قەتەرەوە پشتیوانی دەکرێت، ئەمریکاو ڕوسیاش خزانە نێو ئەم شەڕە ناوخۆییەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، سوپای سودان پێشنیازی دامەزراندنی بنکەیەکی دەریایی لەسەر دەریای سوور لە بەندەری پۆرتسودان بۆ ماوەی 25 ساڵ پێشکەشی ڕوسیا کردووە لە بەرامبەر چەک و وەبەرهێنانی ڕوسیا لە زێڕ و کانزاکانی سوداندا.

 ڕێککەوتنە پێشنیاز کراوەکە ڕێگە بە مۆسکۆ دەدات تا 300 سەرباز جێگیر بکات و چوار کەشتی جەنگی لە نێویاندا کەشتییە بەهێزەکانی ئەتۆمی لە بەندەرەکەدا دابنێت، لە هەمان کاتدا ڕێگە بە چنینەوەی دەستکەوتەکان لە کانگاکانی زێڕ لەسودان دەدات.

 لە بەرامبەردا خەرتوم چەکی پێشکەوتووی ڕوسی بە نرخێکی باش وەردەگرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

ئەم ڕێککەوتنە سوودێکی ستراتیژیی بەرچاو بە ڕوسیا دەبەخشێت لە دەریای سووردا، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات چاودێری هاتوچۆی کەشتیوانی بۆ کەناڵی سوێس بکات.

 ئەمەش نیگەرانییەکانی ئەمریکا دەوروژێنێت، کە هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە کۆنترۆڵی ڕوسیا و چین بەسەر بەندەرەکانی ئەفریقادا.

 هەروەها ڕوسییەکان سوودمەند دەبن لە ئیمتیازاتی کانگاکانی زێڕ لە سودان کە سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری زێڕی ئەفریقایە.

ئیمارات ڕۆڵێکی باڵای لەشەڕی ناوخۆی سوداندا هەیە، بەچەک و پارە هاوکاری پشتیوانی خێرا دەکات و کۆنترۆڵی چەند ناوچەی گرنگ و دەوڵەمەندی سودانیان کردووە، ئەگەر شەڕ ڕانەگیرێت ڕەنگە وڵاتەکە دووچاری دابەشبوون بێتەوە.

تاکە ڕێگای ڕاگیرانی شەڕ لەسودان لەئەبوزەبیە، بۆیە محەمەد بن سەلمان جێنشێنی سعودیە لەواشنتن داوای لەترەمپ کردووە گوشارەکانی لەسەر محەمەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات و هاوپەیمانی ڕیاز کە ئێستا لەسەر سودان ناکۆکن، زیادبکات بۆ ڕاگرتنی پشتیوانی بۆ پشتیوانی خێرا.

داواکاری سەرەکی ئەبوزەبی ڕێگری لەگەڕانەوەی ئیسلامییەکانە بۆ نێو دەسەڵات لەڕێگای سوپاوە لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشووەوە.

لەم سەروبەندەدا واشنتن بۆ چارەسەری قەیرانی سودان ڕووی لەئەبوزەبییە و ئیخوانی خستە لیستی تیرورەوە ئەوەش هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی ئیمارات لەلایەن چاودێرانەوە لێکدەدرێتەوە، هاوکات پشتیوانی خێرا ئاگربەستێکی کاتی ڕاگەیاند بەمەرجی ڕێگری لەگەڕانەوەی هێزەئیسلامییەکان بۆ نێو دەسەڵات.

ئێستا سەرچاوەکان لەئەمریکا دەڵێن، ترەمپ بەشێوەی کەسی سەرپەرشتی کەیسی سودان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ، بۆیە ڕەنگە لەماوەی داهاتوودا ململانێکان بچنە قۆناغێکی تووندترەوە لەنێوان لایەنە ڕکابەرەکاندا.

 

دوای ئەوەی پشتیوانی خێراو سوپای سودان پێکەوە دەسەڵاتی پێشووی سودان هەژمارکراو لەسەر ڕەوتی ئیسلامی ناوچەکەیان بەپشتیوانی سعودیەو ئیمارات و میسر ڕووخاند و دەسەڵاتیان گرتەدەست، ناکۆکی لەنێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان گۆڕا بۆ شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی. 
ئ.ح