ئیدارەی خۆسەر داوای گەڕانەوەی ئاوارەكانی عەفرین و سەرێكانی دەكات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 124 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ئیدارەی خۆسەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژی دووشەممە داوای كرد هەنگاوی بەپەلەی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ گەرەنتی گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەكانی عەفرین‌و سەرێكانی بنرێت. 

ئیدارەی خۆسەر لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەو گۆڕانكارییانەی لە دوای ڕووخانی ڕژێمەوە لە سوریا ڕوویانداوە، هێشتا بەشدار نەبوون لە ڕەخساندنی هەلومەرجی پێویست بۆ گەڕانەوەی دانیشتوان بۆ سەر ماڵەكانیان”.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، “ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر ئاوارەبوونی زۆرەملێی خەڵكی عەفرین و شەهبا تێدەپەڕێت، كە سەدان هەزاریان لە 2ی كانوونی یەكەمی 2024 ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە بۆ ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا”.

ئیدارەی خۆسەر ڕوونی كردەوە، گەڕانەوەی سەلامەت و "كۆتاییهێنان بە پێشێلكارییەكان و هەڵگرتنی داگیركاری مەرجێكی گرنگن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان سورییەكان و گەیشتن بە سەقامگیری".

ئاماژەی بەوەشكرد، پرسی ئاوارەكان لە پێشەنگی ئەولەویەتی كارەكانیاندا دەبێت و بە بەردەوامی لە كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتییەكان بەرز دەكرێتەوە و بە “پرسێكی ناوەندی دەزانن”.

راشیگەیاندووە، "لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دانیشتوانی عەفرین و شەهبا تووشی زنجیرەیەك پێشێلكاری بوون، لەوانە هێرشی ڕێكخراو، دەستدرێژی، هەراسانكردن، ئاوارەبوون، و دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵیان، ئەمەش پێشێلكارییەكی ئاشكرای بەها مرۆییەكان و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانە."

ئیدارەی خۆسەر دەشڵێت، “گەیشتن بە ئامانجەكانی شۆڕشی سوریا لە دەستەبەركردنی گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەكان و كردنەوەی دیالۆگێكی ڕاستەقینەی سوری و سوری، دوور لە دوورخستنەوە و پەراوێزخستن دەستپێدەكات، كە دەبێتە هۆی بنیاتنانی سوریایەكی دیموكراسی و لامەركەزی كە مافەكانی هەموو هاوڵاتیانی خۆی مسۆگەر بكات”.
ئ.ح