ئێران داوا له‌وڵاتان ده‌كات ئاوى پێ بفرۆشن

جیهان

47 خولەک پێش ئێستا‌ 3345 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی ئێران ڕایدەگەیەنێت، بەنیازە ئاو لەوڵاتانی دراوسێی بكڕێت بەهۆی ئەو شەپۆلە وشکەساڵییەی كە بەشێوەیەكی بەربڵاو کاریگەریی لەسەر وڵاتەكە دروستكردوە.


عەباس عەلی ئابادی وەزیری وزەی ئێران ڕایگەیاند، هەر وڵاتێک ئامادەی فرۆشتنی ئاو بێت، ئێمە دەیکڕین.

ئەوە لەكاتێكدایە، زۆربەی وڵاتانی دراوسێی ئێران بەدەست وشکەساڵی‌و کەمئاوی دەناڵێنن، لەوانە عێراق، ئەفغانستان‌و ناوچە سنورییەکانی پاکستان، تەنها ئەرمینیا نەبێت لەباکورەوە یەدەگی ئاوی تاڕادەیەک زیاترە.

ئێران یەکێکە لەوشکترین وڵاتەکانی جیهان‌و لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕێژەی بارانبارین بەشێوەیەكی بەرچاو کەمبوەتەوە، لەگەڵ زیادبونی وشکەساڵی‌و دیاردە توندەکانی دیکەی کەشوهەوا.

وشکەساڵی بەشێوەیەک تەنگی بەو وڵاتە هەڵچنیوە تەنانەت بیر لەگواستنەوەی پایتەختەكەی دەکات بەشێوەیەک، حکومەتی ئێران گەیشتوەتە ئەو بڕوایه‌ى، چارەسەرکردنی کێشەی ئاوو ژینگەی تاران ئەستەمە، بۆیە تاکە ڕێگەچارەی درێژخایەن بەلایانەوە "جێهێشتنی تاران"و دروستکردنی پایتەختێکی نوێیە لەباشور، هەرچەندە ئەو پرۆژەیە تێچویەکی زۆرى دەوێت‌و جێبەجێکردنی ساڵانێکی زۆری پێدەچێت.

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لەماوەی ڕابردودا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند، "مانەوە لەتاران چیتر مومکین نییە، بەردەوامبون بەمشێوەیە تەنها کاتکوشتنە‌و دەبێت چارەسەرێکی ڕیشەیی بکرێت".

پلانەکەش ئەوەیە پایتەخت بگوازرێتەوە بۆ باشوری ئێران‌و کەناراوەکانی کەنداوو دەریای عومان.

بەپەلە