شارپرێس:
ڕۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لەنوێترین ژمارەی خۆیدا، پۆلێنکردنی هەریەک لەگروپی حوسییەکانی یەمەنو حزبوڵڵای لوبنانی لەنێو لیستی تیرۆردا بڵاوکردەوە.
ژمارە 4848ی ڕۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لەلایەن وەزارەتی دادی عێراق بڵاوکرایەوە، ڕۆژى 17ی تشرینی دوەمی 2025 لەسەرە کە تێیدا پاڵپشت بەبڕیارەکانی لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان لەنوسینگەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، هەریەک لەبزوتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکان لەیەمەنو حزبوڵڵای لوبنان خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەو نوێکردنەوەیە لەچوارچێوەی دیاریکردنی ئەو قەوارەو کەسانەدایە کە ڕێکارەکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان دەیانگرێتەوە.
لەبەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، ناوی ئەبو محەممەد جۆلانی سەرۆکی دەستەی تەحریر شام بۆ ئەحمەد حوسێن شەرع گۆڕدراوە.
موڕاد ساعیدی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنو پەیوەندییەكان لەوەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاندوه، وەزارەتی داد هیچ پەیوەندییەکی بەبڕیارەکانەوە نییە، بەڵکو ئەو بڕیارانەی لەلایەنە فەرمییەکانی دەوڵەت دەردەچن لەڕۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێنەوەو دواتر دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئهوهشى ئاشكراكرد، "ئەو گۆڕانکارییە لەسەر بنەمای بڕیاری لیژنەی سزاکانی سەر داعشو قاعیدە لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە".
