ئیسرائیل وردەکاریی کوشتنی "یاسر ئەبو شەباب"ی بڵاوکردەوە

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3428 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین زانیاری نوێیان لەبارەی کوژرانی یاسر ئەبو شەباب، سەرۆکی میلیشیا چەکدارییەکەی باشووری کەرتی غەززە، ئاشکرا کرد، بەشێوەیەک ناوبراو بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە دوای شەڕێکی توندوتیژ لەگەڵ گرووپێک لە چەکدارەکانی میلیشیاکەی خۆیدا.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، هۆکاری شەڕەکە ناکۆکیی ناوخۆیی بووە لەسەر سەرکردایەتی، دابەشکردنی دەسەڵات و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵ، هەروەک گرژی کەڵەکەبوو لەسەر تۆمەتبارکردنی ئەبو شەباب بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەبو شەباب بەهۆی لێدانێکی توندەوە بریندار بووە، نەک چەقۆ یان تەقە، و بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بە پەلە بۆ چارەسەر گوازرایەوە دەرەوەی غەززە، بەڵام لە ڕێگادا بۆ نەخۆشخانەی سۆرۆکا لە بیئر سەبع گیانی لەدەستداوە.
 پێشبینی دەکرێت جێگرەکەی، ڕەسان دەهێنی، سەرکردایەتی میلیشیاکە بگرێتە دەست، و دەزگا ئەمنییەکان پێیان وایە کە نەبوونی ئەبو شەبباب کۆنترۆڵی حەماس بەسەر ناوچەی باشووری کەرتی غەززەدا بەهێزتر دەکات.
لە پاش ئەو ڕووداوە، عەشیرەتی ئەلتەرابین لە کەرتی غەززە بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە هەمیشە لەگەڵ گەلەکەی و دۆزە ڕەواکەیدا بوون، و بە توندی هەر هەوڵێک بۆ تێکەڵکردنی ناوی عەشیرەتەکەیان لەگەڵ “ڕێچکەی ناپاکییەتی” ڕەت دەکەنەوە.
بەیاننامەکە کوژرانی ئەبو شەباب، کە بە "ناپاک و تێوەگلاو لەگەڵ داگیرکەر" وەسف کردووە، بە کۆتایی هاتنی "پەڕەیەکی ڕەش" لە قەڵەم دا.
 عەشیرەتەکە پشتگیری تەواوی خۆی بۆ مقاوەمەی فەلەستین دووپات کردۆتەوە و بانگەوازی لە هەموو عەشیرەت و خێزانەکانی غەززە کردووە کە یەکڕیزی بپارێزن و هەر کەسێک کە هەوڵی تێکدانی یەکێتیی کۆمەڵایەتیی و نیشتمانیی بدات، ڕەت بکەنەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی