لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر وەڵامێکی توندی یەکێتی دەداتەوە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 881 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر وەڵامی مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت،" ئێوە بە بێ وەرگرتنی مۆلەت، تانک، زرێپۆش، درۆن و چەکی قورستان بەکارهێنا و هێرشتان کردە هوتێل لالەزار ".


لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەدکرد،" مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر هەڕەمەکی دەستی بە ڕیزکردنی کۆمەڵێک ڕستەی بێناوەرۆک کردووە. دەمانەوێت دڵنیایان بکەینەوە کە بەتەواوی پشتگیریی سەروەریی یاسا و ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ دەکەین ".

ئەوەشیخستەڕوو،" هەموو ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن، تەنها لە ڕێگای یاساوە چارەنووسی تۆمەتەکانیان دیاری دەکرێت و ڕێگا لە بەردەم هەر لیژنەیەکی نێودەوڵەتی (نوێنەرایەتیی وڵاتان، کونسوڵخانەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ) کراوەیە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکاندا. بەلام ئایا ئێوەش پابەندن بەم پرەنسیپانە و برواتان بە ئەوە هەیە کە باسی دەکەن"؟

 لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر لەپەیامەکەیدا بۆ یەکێتی دەڵێت،" ئێوە بەبێ گەڕانەوە بۆ دام دەزگا فەرمییەکان و وەرگرتنی مۆلەتی پێشوەخت هەلکوتانە سەر هوتێل و  کوشتنی خەلک و گرتنی سەرکردە سیاسیەکان و لێدانی هاوڵاتیانتان کردووەتە نەریت. ".

ڕاشیگەیاندوە،" هاوکار جاف تیرۆر کرا و بەڵگەی پێویست خرانە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری بەڵام بە پێچەوانەوە ئێوە داڵدەی بکەرانی ئەو کەیسەی تیرۆرکردنتان دا و جورئەتی رادەست کردنیان ناکەن بو ئەوەی راستی تێوەگلانی بەرپرسەکانتان بشارنەوە ".

لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر  باسی لەوەدەکات،" ئێوەی یەکێتی بە بێ وەرگرتنی مۆلەت، تانک، زرێپۆش، درۆن و چەکی قورستان بەکارهێنا و هێرشتان کردە هوتێل لالەزار. لەو هێرشەتاندا، لە ناو جەرگەی شار چەندین هاوڵاتی بوونە قوربانی، ماڵی هاوڵاتیان و هونەرمەندانتان تێکدا بە بێ ئەوەی رەچاوی مافی مرۆڤ و یاساکان بکەن. ".

وتیشی،" لەبارەی تۆمەتبارانی ئاژاوەگێڕییەکەی چەند روژی رابردوو لە قەزای خەبات، ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون وەکو تۆمەتبار مامەڵەیان لەگەل کراوە. ئەگەر ئێوە خۆتان بە هاوبەش لە کردەوەکانیان دەزانن ئەوە جێگای نائومێدییە. وە ئەگەر تێوەنەگلاون دەبێت سوپاسگوزار بن و بە جێ بەجێ کردنی یاسا شەپرزە نەبن ".