سەرۆکی فەڕەنسا هۆشداریی دەدات: ئەگەری هەیە ئەمریکا ناپاکی لە ئۆکرانیا و ئەوروپا بکات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 581 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری "دێر شپیگڵ"ی ئەڵمانی وردەکاری پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نهێنی ئاشکرا کردووە کە ڕۆژی دووشەممە لە نێوان ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا،  فریدریش مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئەوروپا ئەنجامدرا.

بەگوێرەی گۆڤارە ئەڵمانییەکە، ماکرۆن هۆشداری داوە کە ئەگەری هەیە ویلایەتە یەکگرتووەکان "خیانەت" لە ئۆکرانیا و ئەوروپا بکات لەسەر پرسی خاک، بەبێ دڵنیایی لەبارەی گەرەنتییە ئەمنییەکان، باسی لەوەشکردووە کە ڕاوێژکاری ئەڵمانی، مێرتز، ڕایگەیاندووە کە "زێلێنسکی دەبێت لە رۆژانی داهاتوودا زۆر وریابێت و  باسی لەوەکردووە کە  ئەمریکاییەکان یاریی بە ئەوان و ئۆکرانییەکان دەکەن"، وەک ئاماژەیەک بە  (ستیڤن ویتکۆف و جارد کوشنەر) نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ.
ئەوەش هاتووە:  سەرۆکی فینلەندا، ئەلێکساندەر ستوب و ئەمینداری گشتی ناتۆ، مارک ڕوتێ، هاوڕا بوون لەسەر "پێویستی پاراستنی زێلێنسکی" و جەختیان لەسەر بێمتمانەیی ئەوروپییەکان بە نێردراوانی ترەمپ کردۆتەوە.
ئەم پەیەوەندییە دوای بڵاوکردنەوەی پلانی ئاشتیی 28 خاڵی ئیدارەی ترەمپ هات، کە گوایە ویتکۆف و کوشنەر بە هاوکاری لەگەڵ نێردراوی کریملن داڕێژراوە. هەندێک بەشداربوو ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەیان بۆ گۆڤارەکە پشتڕاست کردۆتەوە، بەڵام نووسینگەی ماکرۆن ڕەتیکردۆتەوە کە سەرۆکی فەرەنسا وشەی "خیانەت"ی بەکار هێنابێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی