شارپرێس:
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنێکی
ئاشتیی مێژوویی بە ناوی "ڕێککەوتنەکانی واشنتۆن" لە نێوان کۆماری دیموکراتی
کۆنگۆ و ڕواندا واژۆکرا، ئەمەش کۆتایی بە دەیان ساڵ لە ململانێی خوێناوی نێوان دوو
وڵاتی ئەفریقا دەهێنێت.
ترامپ لە کاتی ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکەدا لە پەیمانگای ئاشتیی
ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە مەرجەکانی پێشوو کە لە مانگی حوزەیراندا لەسەری ڕێککەوتبوون،
جێگیر دەکات، لەوانە وەستانی هەمیشەیی تەقە، چەکداماڵینی گرووپە ناحکومییەکان، ڕێکخستن
بۆ گەڕانەوەی پەنابەران و جێبەجێکردنی دادپەروەری و لێپرسینەوە.
هەروەها، ڕێککەوتنەکە
پێشبینی یەکخستنی ئابوورییەکانی هەردوو وڵات دەکات لە چوارچێوەیەکی ئابوورییەکی نوێدا.
ئەم ئاشتییە نوێیە
دوای نزیکەی سێ دەیە لە ململانێیەکی خوێناوی دێت کە لە ساڵی 1999ـەوە سەری هەڵدا و بووە هۆی ناسەقامگیری لە
ناوچەی دەریاچە گەورەکانی ئەفریقا، لەگەڵ بوونی تۆمەتە بەردەوامەکانی پشتیوانیکردنی
ڕواندا لە بزووتنەوەی یاخیبووی "ئێم 23" لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتن
بە بەشێک لە سەرچاوە سروشتییە دەوڵەمەندەکان.
چاوەڕوان دەکرێت
ئەم ڕێککەوتنە، کە بە چاودێریی ئەمریکا واژۆکراوە، ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بەو
ململانێ درێژخایەنە و ڕێگە بۆ وەبەرهێنانی بەرفراوانی ڕۆژئاوا بکاتەوە، بەتایبەتیی
لە کەرتی کانزا دەگمەنەکان کە کۆنگۆ خاوەنی بڕێکی زۆرە لێیان.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی