نێردەی ترەمپ: پێشکەوتنی زۆر لەگفتوگۆکانی تایبەت بەڕاگرتنی شەڕی ئۆکرانیا هەیە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 149 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، "پێشکەوتنی بەرچاو"ی لە دانوستانەکانی بەرلین لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئۆکرانیادا ڕاگەیاند، کە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕوسیا لە ئۆکرانیا.

ویتکۆف لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندووە، گفتوگۆکان "قوڵ و گشتگیرن"، پلانی ئاشتی ٢٠ خاڵی و هەروەها پرسە ئابوورییەکانیش دەگرێتەوە.

 دووپاتیشی کردەوە ئەمڕۆ دووشەممە لایەنەکان جارێکی دیکە کۆبوونەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان.

کۆبوونەوەکە کە زیاتر لە پێنج کاتژمێری خایاند، ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەگەڵ شاندەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا بەشداربوون و جارێد کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەی بوو.

تا ئێستا سروشتی هەنگاوەکانی داهاتوو یان پێشنیاری تایبەت لەسەر مێزی دانوستان ڕوون نییە، بەڵام شاندی ئەمریکا گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بنیاتنانی ئەو پێشکەوتنانەی لە خولی یەکەمی دانوستانەکاندا بەدەست هاتوون.
ئ.ح