هێزەکانی سەر بەئیمارات لەیەمەن: کۆتایی بەتیرۆری حوسی و قاعیدەو ئیخوان دەهێنین

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 960 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شار‌پرێس:

وتەبێژی هێزەکانی باشوور لە یەمەن سەر بەئیمارات لیوا محەممەد ئەلنەقیب ڕایگەیاند، ئەو هێزانە شەڕێکی یەکلاکەرەوە  دژ بە تیرۆری حوسی و قاعیدەو ئیخوان  لەو وڵاتەدا بەڕێوەدەبەن. 

وتەبێژی هێزەکانی باشوور لە یەمەن سەر بەئیمارات دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستا سێ گروپی سەرەکی قاعیدە و ئیخوان موسلیمین و حوسییەکان دەکەنە ئامانج.

دەشڵێت "ئەم ڕێکخراوانە بەشێوەیەکی هەماهەنگ کاردەکەن، ئێمەش خەبات دەکەین بۆ پاراستنی باشوور و ناوچەکە لە هەڕەشەکانیان".

وتەبێژەکە دووپاتیکردەوە کە ئامانجی کۆتایی هێزەکانی باشوور "گەڕاندنەوەی مافی ژیان و دامەزراندنی ئاسایشە لە ناوچە ئازادکراوەکان".

بەگوێرەی سەرچاوەکان ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل کاردەکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی یەمەنی باشوور کە پایتەختەکەی عەدەنە.

چەند کەناڵێکی تەلەفیزیۆنیش لەوانە عەدەنی سەربەخۆ بەچڕی بانگەشە بۆ هەڵمەتەکانی ئیمارات دەکەن و چالاکی جەماوەریش لەعەدەن بەڕێوەدەچێت بۆ پشتیوانی لەهێرشەکان.

بەگوێرەی سەرچاوەکان ئیسرائیل پشتیوانی ئەم جوڵە نوێیانە دەکات و پشتیوانی خۆی بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی نوێی لایەنگری ئیمارات و ئیسرائیل ڕاگەیاندووە.

چەند ڕۆژێکە گفتوگۆی سعودیە و ئیمارات لەسەر ڕەوشەکە دەستی‌پێکردووە، بەڵام ڕێککەوتنی کۆتایینەکراوەو جموجوڵەکانی هێزەکانی سەر بەئیمارات بەردەوامە.
ئ.ح