لیستى موچه‌ى مانگى 12 ڕاده‌ستى به‌غدا كرا

ئابوری

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4095 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم ئاشكرایكردوه‌، لیستی موچەی مانگی کانونی یەکەمی فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوه‌.

 
سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگه‌یاندوه‌، "ئامادەکارییەکانی لیستی موچەی مانگی کانونی یەکەم تەواوکرا؛ ئەمڕۆ لیستی موچەی ئەو مانگە لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمه‌وه‌ ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوه‌".

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، "جگە لەلیستی موچەی مانگی 12، ڕۆژی 7ى ئه‌م مانگه‌ش لیستی موچەی مانگی 11یش ڕادەستی بەغدا کراوه‌؛ هەروەها ڕۆژی 25ى مانگى ڕابردوش لیستی موچەی مانگی 10یش ڕادەستی بەغدا کراوه‌، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێم تائێستا موچەی ئەو سێ مانگەیان وەرنەگرتوە".
 
ئه‌وه‌شى وت، "هەموو ڕێکارەکانی تایبەت بەموچەی مانگی تشرینی یەکەمی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن ئێمەوە تەواوکراون‌و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی ئەو مانگەش ئامادەیە، بەڵام بۆ ناردنی، چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی موچەین لەلایەن بەغداوە".
 
بەپرسەكه‌ى وەزارەتی دارایی زیاتر وتى، "پڕۆسەی وردبینی لەلیستی موچەی مانگی 10 تەواوبوە؛ ئێستا تەنها ماوە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، واژۆ لەسەر خەرجکردنی پارەکە بکات‌و ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاریی بکات".
 
ڕۆژی 29ى تشرینی دوەمی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلولی بڵاوکردەوەو ڕۆژی دواترو لەماوەی سێ ڕۆژدا موچەکەی دابەشکرد.
 
بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا، بۆ ئەوەی موچەی مانگانە لەلایەن عێراقەوە خەرجبکرێت، دوو مەرج جێبەجێکراون کە بریتین لەڕادەستکردنی نەوت‌و ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی مانگانە بۆ بەغدا.