هۆكارى به‌رزبونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى چه‌ند نه‌خۆشیه‌ك ئاشكراده‌كرێت

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2932 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جاسم فەلاحی بریکاری تەکنیکی وەزارەتی ژینگەی عێراق ڕایگه‌یاند، "بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی توشبون بەنەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، دڵ‌و بۆرییەکانی خوێن، جگە لەنەخۆشییە گوازراوەکانی ڕێگەی ئاو، بەرزبونەتەوە".


فەلاحی هۆکاری ئەو بەرزبونەوەیەی گەڕاندوه‌ته‌وه‌ بۆ کەڵەکەبونی شوێنەوارەکانی ساڵانی ململانێ‌و تێکچونی ژینگە لەعێراقدا.

لەلێدوانێکیدا، بریکاری تەکنیکی وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "وەزارەته‌كه‌ى هەوڵدەدات هاوبەشی نێودەوڵەتی بەهێزبکات لەڕێگەی هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بەواژۆکردنی بەڵگەنامەی هاوکارییەک کە ئامانجی باشترکردنی سەلامەتیی ژینگەو بەهێزکردنی تەندروستی گشتییە لەڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژیی جۆرییەوە".

فەلاحی ئاماژەی بەگفتوگۆکردنی پڕۆژەیەکی هەرێمیی کرد کە هەریەک لەعێراق، ئوردن‌و لوبنان لەخۆدەگرێت، ئەو پڕۆژەیە، لەلایەن سندوقی گونجاندنی جیهانییەوە پارەی بۆ دابیندەکرێت، جەختدەکاتەوە لەسەر بونیادنانی سیستەمی تەندروستیی خۆڕاگر لەبەردەم گۆڕانی کەشوهەواداو گشتگیربێت بۆ کۆچبەران.

ئه‌وه‌شى وت، "ئامانجی پڕۆژەکە بەرزکردنەوەی ئامادەیی سیستەمە تەندروستییەکانە لەژینگە ناسکەکانی کەشوهەوادا، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە جموجۆڵی بەرفراوانی دانیشتوان بەخۆوە دەبینن".

جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەندیدار بەکۆچ‌و ئاوارەیی قوڵتر دەکاتەوە، لەسایەی کەمیی سەرچاوەکان‌و لاوازیی ئامادەیی سیستەمە تەندروستییەکاندا".

له‌كۆتاییشدا وتویه‌تى، "عێراق ڕوبەڕوی ئاڵنگاریی ئاڵۆزبوەتەوە، لەوانە شەپۆلی گەرمای توند، وشکەساڵی، کەمیی ئاو، لافاوو شەپۆلەکانی خۆڵبارین، کە ئەمەش فشار لەسەر دامەزراوە تەندروستییەکان زیاتر دەکات‌و ڕێژەی نەخۆشییەکان بەرزدەکاتەوە".

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی