شارپرێس:
مشتومڕى جدى لەعێراق سهریههڵدا دوای ئەوەی
دەسەڵاتی دادوەری سوپاسی گروپه چەکدارەکانى كرد بۆ داماڵینی چەک، هاوكات ڕەخنەی
توندى ئهمریكاو بهتایبهت كۆنگرێسى بهدواى خۆیداهێناو خودى زهیدانى سهرۆكى ئهو
دهسهڵاته كهوته سێرهى جۆو ویڵسن.
لەنێوان پەرەسەندنی گفتوگۆکان لەعێراق سەبارەت
بەقبوڵکردنی پرەنسیپی "قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت" لەلایەن بەشێک لەسەرکردەکانی
گروپه چەکدارەکانەوە، لەبەیاننامە کورتەکەی فایهق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای
دادوەری، کە تیایدا سوپاسی سەرکردەی گروپهكانى کرد بۆ وەڵامدانەوەی چەکداماڵین،
پرسیارو ڕەخنەی شوێنکەوتوانو چاودێرانی کاروباری عێراقى وروژاند، هەروەها کاردانەوەو
توڕەیی لەلایەن جۆو ویلسۆن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکاى لێکەوتەوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەبەیاننامەیەکی
کورتدا ڕایگەیاند، "سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری سوپاسی برایانمان، سەرۆکی
گروپه چهكدرهكان دەکات، بۆ وەڵامدانەوەی ئامۆژگارییەکانی بۆیان سەبارەت بەهاوکاری
پێکەوەیی بۆ سەپاندنی سەروەری یاسا، قەتیسکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتو هەنگاونان بۆ
کردەوەی سیاسیی دوای ئەوەی پێویستی نیشتمانی بۆ کردەوەی سەربازیی نەماوە”.
زۆربەی ناڕەزایەتیو گفتوگۆ ناوخۆییەکان لەسەر
"کارکردی سروشتی دەسەڵاتی دادوەری" بون، کە بەبڕوای ڕەخنەگران، بەدەستهێنانی
دادپەروەرییە نەک "پێشکەشکردنی سوپاسگوزاری بۆ کەسانی دەرەوەی یاسا".
وا دیارە ئەو مشتومڕو ڕەخنانەی هاوڕاى بەیاننامەکە
بون، گەیشتە گوێی ئەنجومەنی دادوەریی، ئەمەش وای لێکرد کە ڕونکردنەوەیەک دەربکاتو
بەوردی بابەتەکە ڕونبکاتەوە.
لەبەیاننامەیەکدا کە لەپێگەی فەرمی خۆیدا بڵاوکراوەتەوە،
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەوەی لەلایەن دادوەر زەیدانەوە دەرچوە “ڕەنگدانەوەی
جەختکردنەوەیەتی لەسەر پێویستی پابەندبون بەهەمولایەنەکان بەسەروەری یاساو بەرتەسککردنەوەی
چەک تهنها لهدهستى دهوڵهتدا، ئەمەش ڕێبازێکی دامەزراوەیی پتەوو چەسپاوە کە لەگەڵ
مەرجەکانی بونیادنانی دەوڵەتی هاوچەرخی عێراقدا دەگونجێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپاسو پێزانینی بۆ
سەرۆکی گروپه چهكدارهكان، بۆ وەڵامدانەوەی بانگەوازەکەی بۆ هاوکاریکردن لەم ڕێبازەدا
”وەک دەربڕینی ڕێبازێکی یاسایی بەرپرسیارانە دێت کە ڕەهەندە سیاسییە هەلومەرجییەکانی
تێدانییە، بەڵکو زیاتر لەسەر بنەمای ئاماژەی دەستورییو یاسایی ڕونو پابەندکەرانە“.
لەڕونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دەستوری
عێراق لەمادەی پێنجەمدا هاتوە کە "سەروەری سەر بەیاسایەو دهبێت یاسا زاڵ بێت"،
هەروەها "مادەی نۆ قەدەغەکردنی پێکهێنانی میلیشیای چەکداریی لەدەرەوەی چوارچێوەی
دەوڵەت پشتڕاستدەکاتەوە"، ههربۆیه ئهوهى كراوه پابەندبونێکی دەستوریه کە
دەبێت جێبەجێبکرێت، نەک بژاردەیەکی سیاسی ملکەچی ئیختیاریی.
ئەنجومەنەکە پێیوابوو، بانگەوازی سەرۆکەکەی،
واته فایهق زەیدان، “بۆ گواستنەوە لەلۆژیکی کردەی چەکدارییەوە بۆ فەزای کردەوەی
سیاسی شەرعی گرنگییەکی تایبەتی بەدەستدەهێنێت، چونکە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆوە
دەرچوە”.
لەکۆتاییدا وتی، “ئەم ڕێبازە (لەسوپاسگوزاریی)
دیدێکی یاسایی دادەمەزرێنێت بەئامانجی چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتو بەرزکردنەوەی
ئاسایشو سەقامگیریی، بەیەکخستنی هەموو هێزە چالاکەکان لەچوارچێوەیهكى دەستوریداو
چەسپاندنی بنەمایەکی چارەنوسساز کە بڕیاردانی سەروەرییو قۆرخکاریی لەسەر بەکارهێنانی
هێز تەنها لەدەستی دەوڵەتدایە”.
بەڵام ڕونکردنەوەکەی دەسەڵاتی دادوەری، ڕەخنەو
پرسیارە بەردەوامەکانی ناو وڵاتەکەی دانهمرکاندەوە، لهو ڕوهوه موسا ڕەحمەتوڵڵا
چالاکوانی سیاسیی لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی،
"دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێکی بێلایەنەو هەر تێوەگلانێک کە لەگفتوگۆ لەگەڵ
گروپە چەکدارەکان یان یاساشکێنەکاندا بیکات، سازش لەسەر بێلایەنییەکەی دەکاتو دەیخاتە
دۆخێکی لایەنگرییەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، “دادوەر نە ئامۆژگاری
تاوانبار دهکاتو نە خەریکی گفتوگۆکردنیش دهبێت لەگەڵیدا، بەڵکو بهگوێرهى یاسا
لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات، دروست نییە ئامۆژگاری کەسێک بکرێت کە بڕیارە لێپرسینەوەی
لەگەڵدا بکرێت، نە دروستیشه دیالۆگ لەگەڵ کەسێکدا بکرێت کە مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکات
یان چەک لەدەرەوەی دەوڵەت هەڵدەگرێت، ئیمتیازی دەسەڵاتی دادوەری لەکاتێکدا پارێزراوە
کە یاسا تاکە زمان بێت”.
جۆو ویلسۆن ئەندامی کۆنگرێسی کۆمارییەکانی ئەمریکا
کە بەڕەخنەی بەردەوامی لەفایهق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ناسراوە، بەتوندی
ڕەخنەی لێگرتهوه کە سوپاسی گروپه چەکدارەکانی عێراقی کردوە گوایه لهبهرامبهر
ئهوهى، ڕازیبون بەدانانی چەکەکانیان.
ویڵسۆن لەپۆستێکدا لهپلاتفۆڕمی ئێكس نوسیویەتی،
“سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بەئاشکرا سوپاسی گروپه چەکدارەکانی کرد کە
نیازی ئهوهیان ههیه چهكهكانیان دابنێن".
جهختیشیكردوهتهوه، "دەسەڵاتی دادوەری
سەربەخۆ، سوپاسی گروپە چەکدارەکان ناکات کە پەیڕەوی لەئامۆژگارییەکانی دەکات، هەروەها
هەڵسەنگاندن بۆ کردەوە سیاسیو سەربازییەکانیان ناکات، ئەم هەڵسوکەوتە بەتەواوی لەدەرەوەی
بازنەی دەسەڵاتە دەستورییەکانیدایە”.
ویڵسۆن وتویهتى، "پهیامهكهى زهیدان
ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە بابهتهكه پەیوەندیی بەسەروەریی یاساوە نییە، بەڵکو زیاتر
پەیوەندیی بهناردنی پەیامی سیاسییهوه ههیه لەژێر پەردەی دەسەڵاتی دادوەریدا،
ئەو ڕەفتارەش یەکێکە لەمەترسییە جدییەکان کە ڕوبەڕوی دادپەروەرییو دەوڵەت دەبێتەوە".
گروپه چەکدارەکانى عێراق بەردەوامن لەوەڵامدانەوەی
بانگەوازەکان بۆ سنوردارکردنی چەک كه دهبێت تهنها لهدهستى دەوڵەتدابێت، ئهوان
هەڵوێستی فەرمییان ڕاگهیاندوه لهماوهى دوو ڕۆژی ڕابردودا، بهتایبهت قەیس خەزعەلی
ئەمینداری گشتیی “عەسائیب ئەهلی حەق”، شیبل ئەلزەیدی ئەمینداری گشتیی “کەتائیب ئیمام
عەلی”، حەیدەر ئەلغەراوی فەرماندەی فراکسیۆنی “ئەنساروڵڵا الاوفیە”، بهڵام تائێستا
پهیامێكى فهرمى لهلایهن “كهتائیبى سەید شوههدا"وه ڕانهگهیهنراوه.
