شارپرێس:
ئەنجوومەنی سیاسی نیشتیمانی هێزە سوننەکانی سەرکەوتوو لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، بەنیازە سبەی یەکشەممە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجامبدات، بۆ بڕیاردان لەسەر سەرۆکی پەرلەمان، 24 کاتژمێر بەر لە دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمان.
سەڵاح کوبەیسی، سەرکردە لە هاوپەیمانی سیادە، ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەکانی پێشووی هێزە سیاسییە سوننەکان زۆر کێشەی هەڵپەسێردراویان یەکلاکردەوە، تاکە خاڵی مشتومڕ لەسەر کە ماوەتەوە کاندیدی سەرۆکی پەرلەمانە".
دووپاتیشی کردەوە "هێشتا پێداگری لەسەر کاندیدکردنی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی پێشکەوتن هەیە، کە موسەنا سامەڕایی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم دژایەتی دەکات".
هەروەها ئاشکراشی کرد، "سبەی یەکشەممە، هێزە سیاسییە سوننەکان کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدەن بۆ بڕیاردان لەسەر سەرۆکایەتیی پەرلەمان"، ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڵام ئەگەری زۆرە ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی دوو کاندید پێشکەشبکات کە ئەوانیش حەلبوسی و سەامەڕاین، ئەمەش ئاساییە".
کوبەیسی لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "دڵنیایە دەنگی کۆتایی لە دەستی نوێنەرانی شیعە و کورددا دەمێنێتەوە".
ئ.ح