ئێران جەنگێكی سەرتاسەری ئاشكرادەكات...هەڕەشەی توند دەكات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1287 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند،" وڵاتەکەیان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوروپا، لەشەڕێکی سەرتاسەری گەورەدایە"و دەڵێت،"هەر دەستدرێژییەکی نوێ بۆ سەر ئێران وەڵامێکی توندی بەدوادا دێت".


مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند،" وڵاتەکەی خۆی لەحاڵەتێکی شەڕی تەواوەتی دەبینێت لەگەڵ ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەوروپادا".
 جەختیشی کردەوە،" ڕۆژئاوا هەوڵی پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئێران دەدات بۆ دوبارە هەستانەوەو بەرەوپێشچونی وڵاتەکەمان". 

پزیشکیان، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی خامنەیی وتییشی،" هەر دەستدرێژییەکی نوێ بۆ سەر ئێران وەڵامێکی توندی بەدوادا دێت"و دەڵێت، یەکگرتوویی کۆمەڵگای ئێران هەموو پیلانەکانی دوژمن پوچەڵ دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دەستدرێژییەکانی پێشوی ئیسرائیل کە بە شەڕی 12 ڕۆژە ناسراوە، نەبوە هۆی داڕمانی پێشبینیکراوی ڕژیمی ئێران، هاوکات ئێران بەهێز و ئیرادەی گەلێکی یەکگرتوو، گەمارۆ و گوشارەکان تێدەپەڕێنێت.

سەبارەت بە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی پزیشکیان وتی،" سەرەڕای سزاکان، سوپای ئێران، بەراورد بەڕابردوو، ئێستا بەرانبەر بەدەستدرێژییەکانی پێشوو بۆ سەر وڵاتەکەمان بەهێزترە".
ئەوەشی دوپاتكردەكە، كەبەردەوام دەبن لەبەهێزکردنی توانای بەرگریی سوپا بۆ ڕوبەڕو بونەوەی هەر هەڕەشیەکی ئەگەری بۆ سەر وڵاتەکەمان.

ئەمە لەكاتێكدایە، تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان شاندەکانی ئەمریکاو ئێران بەڕێوە چوەو تائێستا هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە.