بانكى ناوه‌ندیى عێراق هۆكارى به‌رزبونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار ئاشكراده‌كات

لە میدیاکانەوە

07/01/2026‌ 2182 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بانکی ناوەندیی عێراق جەخت لەجێگیریی نرخی فەرمیی دۆلار بە 1320 دینار دەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت، بەرزبونەوەی نرخ لەبازاڕی ئازاددا دەرەنجامی داواکاریی دەرەوەی سیستەمی بانکی‌و ڕێکارە نوێیەکانی گومرگە.


چەند ڕۆژێکە بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، شارەزایانی ئابوریی چەندین هۆکار بۆ ئەو بەرزبونەوەیە دەخەنەڕوو، گرنگترینیان خواستی زۆرە لەسەر دۆلار.

حەیدەر غازی بەرپرسی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی بەڕۆژنامەی فەرمی ڕاگەیاند، جێبەجێکردنی ڕەسمی گومرگی پێشوەختە بۆ مەبەستی حەواڵە، گوشارێکی زۆری خستوەتەسەر داواکارانی دۆلاری نەختینەو بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخى دۆلار بەرامبەر دینار لەبازاڕە ناوخۆییەکاندا.

بەگوێرەی ڕێکارە نوێیەکان، بازرگانان پێویستە پێش ئەنجامدانی حەواڵەی بانکی، بەیانی گومرگی لەڕێگەی سیستەمی "ئاسیکۆدا"وە جێگیربکەن، ئەمەش وایکردوە بەشێک لەخواستەکان بچنە دەرەوەی سیستەمی فەرمی.

بانکی ناوەندی دوپاتیدەکاتەوە، دۆلار تەنها بەدوو ڕێگه‌ی یاسایی دەدرێت؛ یەکەمیان حەواڵەی دەرەکییە بۆ مەبەستی بازرگانی کە بەفەرمی دۆکیۆمێنت کراوە، دوەمیان دۆلاری گەشتیارانە کە مانگانە بڕی سێ هەزار دۆلار بۆ هەر گەشتیارێک لەفڕۆکەخانەکان دیاریکراوە.