نێردەی تایبەتی ترەمپ پەیوەندی بەمەسعود بارزانییەوە دەكات

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 923 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بەمەسعود بارزانییەوە دەکات و جەخت كراوەتەوە كەپێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان نەمێنن و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە.

 
بارەگای بارزانی لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان  و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سوریا ئەنجامدرا.
 
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لەو پەیوەندییەدا دوایینگرژییەکانی سوریاو شاری حەلەب تاوتوێ کراون و جەخت كراوەتەوە كەپێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان نەمێنن و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە.
 
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، مەسعود بارزانی و نێردەکەی ترەمپ هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەنگاوی جیدی بۆ بەدیهاتنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی بنرێت".
 
ئەمە لەكاتێكدایە، بەیانی ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا پەیوەندی بەمەسعود بارزانییەوە کردو هاوكات تائێستاش لەلایەن گروپەچەكدارەكانی سەر بەحكومەتی سوریاوە هێرشی بەرفراوانی سەر هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە بەردەوامە.
گەڕەکی شێخ مەقسوود وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" راگەیێندراوە و لەژێر بۆردوومانی چڕدایە.
 
سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند "ئامانجی ژمارە 12"ـی وێران کردووە (کە دەڵێت کۆگەی چەکە)، بەڵام ئاسایشی نێوخۆی حەلەب دەڵێت نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج.
 
ئاسایشی حەلەب رایگەیاند درۆنێکی سوپایان خستووەتەخوارەوە و لە ئەشرەفییەش سوپای عەرەبیی سووریا پێشڕەوی کردووە.
 
بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانی، نزیکەی 160 هەزار کەس ئاوارە بوون. ئەوانەی لە شێخ مەقسوود ماونەتەوە، لەلایەن سوپاوە داوایان لێکراوە بچنە نهۆمەکانی خوارەوە.

بەپەلە