نەتەوە یەكگرتوەكان داوادەكات دەستبەجێ ڕێككەوتنی 10ی ئادار لەسوریا جێبەجێبكرێت

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 364 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی دۆخی حەلەبەوە، لەپەیامێكدا نیگەرانیی خۆی ڕاگەیاندو داوای لەلایەنەکان کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆو دەڵێت،" دەبێت دەستبەجێ هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ دانوستاندنەکان، بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێککەوتنی 10ی ئادار".

 
ستێفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند،"سەرەڕای هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی شەڕ، نیگەرانیی زۆری خۆمان لەبارەی کارە دوژمنکارییەکان لەحەلەب دوپات دەکەینەوە".
 
دوجاریک هۆشداریی دایە گروپە چەكدارەكانی سەر بەحكومەتی سوریاو وتی،"بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، لایەنەکان پابەندن بەپاراستنی سڤیل و ژێرخانەکان لەحەلەب".
 
وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای چارەسەری سیاسیی کردو وتی،" داوا لەهەموو لایەنەکان لەسوریا دەکەین نەرمی بنوێنن و بگەڕێنەوە بۆ دانوستاندنەکان، بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێککەوتنی 10ی ئادار".

لە 10ی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی ڕێككەوتنێكیان واژۆ كرا، بۆ یەكخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ حكومەتی نوێی سوریا، لەوانەش دەروازە سنورییەكان، فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز، هەروەها ڕێككەوتنەكە یەكپارچەیی خاكی سوریای دوپات كردەوەو دابەشكردنیشی ڕەكردەوە، بەڵام تائێستا لەلایەن حكومەتی سوریاوە جێبەجێنەكرا.


بەپەلە