شارپرێس:
سیاسەتمەدارێكی ناسراوی كورد لەبارەی هێرشە بەردەوامەكانی سەر حەلەبەوە ڕایگەیاند، پشتیوانیکردن لەکوردانی ڕۆژئاوا ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و مرۆییەو دەڵێت،" ئەم هێرشانە نەک تەنها دژی کوردن، بەڵکو دژی هەموو ئەو ئامانجانەن کە گەلی سوریا بۆی تێکۆشاون".
حاكم قادر حەمەجان، سیاسەتمەداری ناسراوی كورد لەنوسینەكەیدا دەشڵێت،"پشتیوانیکردن لەکوردانی ڕۆژئاوا ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و مرۆییەو ئەم هێرشانە نەک تەنها دژی کوردن، بەڵکو دژی هەموو ئەو ئامانجانەن کە گەلی سوریا بۆی تێکۆشاون".
ئەوەش دوپاتدەكاتەوە، كە دەسەڵاتی ئێستای سوریا، هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر ناوچە کوردنشینەکان و دەڵێت،"هیچ بێلایەنییەک نییە لە نێوان ستەمکارو ستەملێکراودا، یان لەگەڵ مەزلومیت یان دژی".
حاكم قادر حەمەجان، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە،" گومانی تیانیە، پشتیوانی لە کوردانی پارچەکانی دیکە و بەتایبەت کوردانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر ستەملێکردنیان، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆییە لەسەر شانی هەموو کوردێکی ئازاد، شانبەشانی باوەڕبوونمان بە مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی سوریا کە پێویستە بە یەکسانی و دادپەروەری لە سوریایەکی نوێدا بێ جیاکاری بژین".
دەشڵێت،"لەم قۆناغەدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقۆناغی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیدایە و دەرفەتی مێژوویی هەیە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی نەتەوەیی و ئایینی و هاوبەشی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکان، کەچی هێزە چەکدارەکانی پەیوەست بەدەسەڵاتی ئێستای سوریا، هێرشی چەکدارییانەی ناڕەوا دەکەنە سەر ناوچە کوردنشینەکانی حەلەب، بەتایبەت گەڕەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بونەتە هۆی شەھیدبون و بریندارکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئاوارەکردنی دەیان هەزار خێزان، کە ئەم هێرشانە نەک تەنها دژی کوردن بەڵکو دژی هەموو ئەو ئامانجانەن کە گەلی سوریا بۆی تێکۆشاون، هەر بۆیە لە ئێستادا کۆدەنگی سەرجەم لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان زیاتر لەهەر کاتێک پێویستە".
پەیامێكیش ئاڕاستەی كوردانی باشور دەكات و دەڵێت،"دەبێت تێبینیەکانیان لەسەر حوکمڕانی ئەم ناوچەیە نەكەنە بیانوی پشتکردنە چارەنوسی کوردانی پارچەکانی دیکە، بەڵکو دەنگی ویژدانیان بۆ پشتیوانی کوردانی ڕۆژئاڤا بەجۆرێک بەرز بێتەوە کە ببیسترێت و خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە و سەرتاسەری ڕێکبخەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دروستکردنی فشار لەپێناو ڕاگرتنی هێرش و توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتی سوریا دژی کوردانی ڕۆژئاوا و پەنابردنەبەر دانوستانی ڕاستەوخۆ و بێ مەرج لەگەڵ نوێنەرانی کورد لەڕۆژئاوا وەک تاکە ڕێگای چارەسەری ئاشتیخوازانە بۆ یەکلاکردنەوەی یەکجاری کێشەکان و دامەزراندنی ئاشتییەک لەسەر بنەمای ناسینەوەی مافە نەتەوەیی و مەدەنییەکانیان و بەشداریی یەکسان لە سەرکردایەتی سوریای نوێدا، هەموو ئەمانەش بۆ ڕێگرتن لە فراوانبوونی شەڕ بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژئاوا و سوریا و مەترسی ڕودانی کارەساتی مرۆیی گەورەتر".
