هه‌واڵێكى گرنگ له‌ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه‌

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4142 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسى فرانس پرێس له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، هەسەدەو حکومەتی دیمه‌شق، لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست ڕێککەوتون‌و ئاگربه‌سته‌كه‌ش لانیكه‌م بۆ نزیكه‌ى مانگێكه‌.


ئاژانسه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستەی کە بڕیاربوو، کاتژمێر هه‌شتى ئه‌مشه‌و کۆتایی پێبێت.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "تائێستا هیچ ڕاگەیه‌ندراوێکی فەرمی لەلایەن هەردولایەنەوە دەرنەچوە، بەڵام سێ سەرچاوەی ئاگادار پێیانوتین، ئاگربەستەکە لانیکەم بۆ ماوەی مانگێک درێژدەکرێتەوە".

سەرچاوەیەکی کوردی ئاگادار لەدانوستانەکان بەئاژانسەکەی وتوه‌، "ماوەی ئاگربەستەکە درێژدەکرێتەوە تاوەکو دەگەینە چارەسەرێکی سیاسی هەردولا ڕازیی بکات".

جه‌خت له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه‌، هاوکات لەگەڵ ئاگربەستەکە، ئەمریکا دەستی بەپرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی داعش لەسوریاوە بۆ عێراق کردوە، ژمارەی ئەو زیندانییانە بەنزیکەی حه‌وت هه‌زار کەس مەزەندە دەکرێت.

به‌وته‌ى، دوو بەرپرسی عێراقی، ڕۆژی چوارشەممە کاروانێکی 150 کەسی لەچەکدارانی داعش گەیشتونەتە عێراق، ئەو کاروانە چەندان سەرکردەی دیاری ڕێکخراوەکەو چەکداری ئەوروپای تێدابوەو لەیەکێک لەزیندانەکانی حەسەکەوە گواستراونەتەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) دوێنێ هەینی پێشبینیکردبوو، لەنێو ئەو حه‌وت هه‌زار کەسەدا، هاوڵاتیی سوری، عێراقی‌و بیانی هەبن، لەگەڵ نزیکەی هه‌زار گەنج‌و مێردمنداڵیش.