شارپرێس:
دۆناڵد ترهمپ پەردە لەسەر وردەکاریی نوێی هێرشەکان بۆسەر ئێران لادەبات؛ سەرۆکی ئەمریکا وێڕای شانازیکردن بەلەناوبردنی 50٪ی توانای موشەکیی تاران، ڕاستەوخۆ شەرعیەتی ڕێبەری نوێی ئێران ڕەتدەکاتەوەو هۆشداریدەدات، "سەردەمی گواستنهوهى دهسهڵات لهباوكهوه بۆ كوڕ لەژێر ئاگری واشنتۆندا جێگەی نابێتەوە".
دۆناڵد ترهمپ سهرۆكى ئهمریكا لەنوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیوز، ڕاستەوخۆ متمانەی لەداهاتوی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی کێشایەوەو ڕایگەیاند، "بڕواناکەم لەئاشتیدا بژی".
چاودێران دهڵێن، ئەو لێدوانە تەنها پەیامێکی سیاسی نییه، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕونه بۆ ڕەتکردنەوەی پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لەتاران بەشێوازی میرات واته دهسهڵات لهباوكهوه بۆ كوڕ.
ترهمپ بەشانازییەوە باس لەئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنی (توڕەیی داستان) دەکاتو دەڵێت، "واشنتۆنو تەلئەبیب وەک نیشانەشکێنێکی کارامە دەستپێشخەرییان کردوەو لەیەکەم گورزدا 50٪ی توانای موشەکیی ئێرانیان پەکخستوە، ئەگەر ئەو بڕیارە بوێرانەیە نەبوایە، هێزەکانی ئەمریکا دەبوو لەژێر هێرشێکی وێرانکەردا بەرگریی لەخۆیان بکەن".
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتكۆم)یش ئاشکرایکردوە، لە28ى مانگى ڕابردوهوه تائێستا، زیاتر لەپێنج ههزار ئامانج لەناوخۆی ئێران کراونەتە ئامانج، ئۆپەراسیۆنەکان نەک تەنها ژێرخانی سەربازیی، بەڵکو ناوەندەکانی بڕیاردانیشیان هەژاندوە.
لەکاتێکدا دەنگی تەقینەوەکان لەتاران دەبیسترێت، کرێملین هەوڵدەدات وەک ناوەندگیری کۆتایی دەربکەوێت، دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین ئاشکرایکردوه، پوتن، پێشنیازی نەخشەڕێگهیەکی هێورکردنەوەی خستوەتە بەردەم ترهمپ، ڕوسیا دەیەوێت پێگەی خۆی وەک یاریزانێکی هاوسەنگ بپارێزێت، بەڵام مەرجەکانی واشنتۆنو بارودۆخی مەیدانی، مەودای مانۆڕی بۆ مۆسکۆ تەسک کردوەتەوە.
ئایا موجتەبا خامنەیی دەتوانێت لەژێر بۆردومانی (توڕەیی داستان)و هەڕەشە ڕاستەوخۆکانی ترهمپدا وڵاتەکەی بەڕێوەببات؟ یان ئەمە سەرەتای کۆتایی سەردەمێکی سیاسییە لەئێران؟ ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە گەورانە دەدەنەوە.
