بانگەوازێكی بەپەلە لە هەسەدەوە: دیمەشق ئامادەكاری سەربازی دەكات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1240 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند، حكومەتی كاتی ئامادەكارییە سەربازییەكانی لە دەوروبەری ناوچەی جزیرێ و كۆبانێ زیادكردووە.

لە ڕاگەیەندراوێكی هەسەدەدا هاتووە: "سەرەڕای ئاگربەستی نێوان ئێمە و حكومەتی دیمەشق، حكومەت بەردەوامە لە ئامادەكارییە سەربازییە سیستماتیكییەكانی و گرژی زەمینی لە دەڤەر جزیرێ و كۆبانێ، باری سەربازی و جموجۆڵی لۆجستی لەو ناوچانەدا هەن. ئەمەش نیازی ئاشكرای ئەوان بۆ دروستكردنی گرژی و ڕاكێشانی ناوچەكە بۆ ئاژاوە دەردەخات".

دەشڵێت، ئەمڕۆ دوو هێرش بۆ سەر هێزەكانمان لە دەڤەری جزیرێ ئەنجامدرا. ئەمەش پێشێلكارییەكی ڕوونی ئاگربەستە. هەرچەندە هێزەكانمان پابەندبوون بە بڕگەكانی ئاگربەستەوە، بەڵام دەڵێین ئەو ئامادەكارییە سەربازییانەی كە حكومەتی دیمەشق ئەنجامی داوە بە تەواوی پێچەوانەی بەڵێنەكانییە. ئەمەش هەوڵێكی بە ئەنقەستە بۆ لەناوبردنی ئاگربەست و پاڵنانی ناوچەكە بەرەو شەڕِ لەبری چارەسەری سیاسی.

هەروەها هەسەدە داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەت دەكات بەپەلە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی دیمەشق پابەند بێت بە ئاگربەستەوە و كار بۆ ڕێگریكردن لەم هەنگاوانە بكەن. بەو پێیەی هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری سنورەكە دەكات.

بەپەلە