شارپرێس:
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەیازدەهەمین ساڵیادی تێکشاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەکۆبانێ، پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جيهان کردو دەڵێت،" پێویستە جیهان پابەندی بەڵێنەکانی بێت بەرانبەر قوربانیدانی کۆبانێ".
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)، لەهەژماری فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، لەکاتێکدا یادو شکۆی سەرکەوتنی کۆبانێ بەرز ڕادەگیرێت، ئێستا خەڵکی ئەو شارە لەژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردان و ڕوبەڕوی هێرشی سەربازیی زۆر قورس دەبنەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەشڵێت،" کۆبانێ لەپێناو پاراستنی مرۆڤایەتی و جیهان لەهەڕەشەکانی تیرۆر، قوربانییەکی بێوێنەی داوە، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وڵاتانی جیهان بەرپرسیارێتی و سۆزداریی خۆیان بەرانبەر بەو قوربانیدانە نیشان بدەن و پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ پاراستنی شارەکە لەو هێرش و گەمارۆیانەی کە ڕوبەڕوی بوەتەوە.
عەبدی لەپەیامەکەیدا سڵاوی بۆ بەرخودانی بێوێنەی خەڵکی کۆبانێ نارد کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، هێشتا بەئیرادەیەکی پۆڵایینەوە وەستاونەتەوە.
پەیامەکەی مەزڵوم عەبدی لەكاتێکدایە ئەمڕۆ 11 ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لەدەستی داعش تێدەپەڕێت، کە لە 26ـی کانوونی دووەمی 2015 وەک یەکەمین شکستی گەورەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لەسەر ئاستی جیهان لەسەر دەستی هێزەكانی هەسەدە تۆمار کرا.
