شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پەیامێكی توندی ئاڕاستەی ڕوسیا كردو جەخت دەكاتەوە كە یاسای عێراقی سزای بۆ ئەو کارە داناوە كە گەنجان پەلكێشی جەنگ دەكەن و دەڵێت،"ڕێگە نادەین عێراقییەکان ببنە سوتەمەنیی شەڕێک کە پەیوەندی بەوانەوە نییە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، محەممەد حوسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لەگەڵ ئیلبڕوس کوتراشیڤ، باڵیۆزی ڕوسیا لەعێراق کۆبوەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕِوو كەباس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کراوە، بەڵام تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکە پرسی پەلکێشکردنی گەنجانی عێراقی بۆ ناو سوپای ڕوسیا بوە.
بەحرولعلووم پەیامی بەغدای گەیاندوەتە مۆسکۆ و ۆڕتکردنەوەی توندی عێراقی بۆ هەر هەوڵێکی ناونوسکردنی گەنجانی عێراقی لەڕیزی سوپای ڕوسیا یان هەر سوپایەکی دیکەی بیانی دەربڕیوە.
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەباڵیۆزی ڕوسیای ڕاگەیاندوە،"یاسای عێراقی ئەم کارە وەک تاوان دەناسێنێت و سزای بۆ داناوە.
جەختیشی کردوەتەوە، پاراستنی هاوڵاتییان لەوەی بخرێنە ناو ململانێ و شەڕی وڵاتانی دیکە لەکارە لەپێشینەکان و بەرپرسیارێتییە دەستورییەکانی حکومەتی عێراقە.
