سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دەستوەردانی دەرەکی لەپێکهێنانی حکومەت ڕەتدەکاتەوە

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 46 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
لەبەیاننامەیەکدا  سەرۆکایەتی کۆماری عێراق جەخت لە ڕەتکردنەوەی هەر شێوازێکی دەستوەردانی دەرەکی دەکاتەوە لە کاروباری سیاسیی عێراق ، دووپاتی دەکاتەوە کە پرسە ناوخۆییەکانی عێراق بابەتێکی سەروەریی تەواوە و تەنها عێراقییەکان خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن، ئەوەش بە پشتبەستن بە ئیرادەی ئازادی خۆیان و لەژێر سایەی دەستوور و لە ڕێگەی ئەو سیستەمە دیموکراسییەی کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەکان دامەزراوە، کە گوزارشتێکی ڕاستەقینەیە لە بژاردەکانی گەل.

سەرۆکایەتی کۆمار دەڵێت، لەم چوارچێوەیەدا، جەخت دەکەینەوە کە ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە بنیاتنانی دەوڵەت و چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی، بەتایبەتی لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا کە پشت بە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە دەبەستێت کە لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا بەڕێوەچوو و تێیدا عێراقییەکان و هێزە سیاسییە براوەکان بەشدارییەکی بەرفراوانیان تێدا کرد.

هەروەها سەرۆکایەتی کۆمار، پەرۆشیی عێراق بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەکیی هاوسەنگ دووپات دەکاتەوە، کە لەسەر بنەمای کرانەوە و هەماهەنگیی ئەرێنی لەگەڵ هەموو وڵاتان بێت، بەجۆرێک کە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلان بێت، ئەمەش بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.