ئێران وەڵامی ئەوروپای دایەوە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1133 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کردووە، ئەمەش هەنگاوێکە کە توندترین هەنگاوە لە ڕەوتی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان برۆکسل و تاران و ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە هەڵوێستی ئەوروپا بەرەو یەکێک لە دیارترین میحوەرەکانی دژی  ئێران.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بڕیارەکەی یەکێتیی ئەوروپای شەرمەزار کرد و بە "هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە" ناوی برد.

لە پۆستێکدا لەپلاتفۆرمی ئێکس عێراقچی ڕایگەیاندووە، "لە ئێستادا چەند وڵاتێک هەوڵدەدەن ڕێگری لە شەڕێکی تەواو لە ناوچەکەماندا بکەن، لەکاتێکدا ئەوروپا سەرقاڵی سووتەمەنیکردنە  بەململانێکاندا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای ئەوەی ئەوروپا هەوڵیدا میکانیزمی سناپباک لەسەر فەرمانی ئەمریکا جێبەجێبکات، ئێستا هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەی دیکە ئەنجامدەدات بە دەستنیشانکردنی سوپای نیشتمانیمان بە 'رێکخراوی تیرۆریستی'".

دەستنیشانکردنی سوپای پاسدارانی ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەبێتە هۆی سنووردارکردنی  یاسایی و دارایی لە نێو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپادا. ئەم سنووردارکردنانە بریتین لە بلۆککردنی سەروەت و سامان، قەدەغەکردنی هەر مامەڵەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، سنووردارکردنی جووڵەی تاکەکانی پەیوەست بەسوپاکە.

پێشبینی دەکرێت ئەم بڕیارە گرژییەکانی نێوان هەردوولا زیاتر بکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ناکۆکییەکانی ئێستا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، مافەکانی مرۆڤ و پرسەکانی دیکە.