سیناتۆرێكى دیكه‌ى ئه‌مریكا له‌باره‌ى كورده‌وه‌ په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى وڵاته‌كه‌ى ده‌كات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4579 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کریس کونز سیناتۆرى دیموكراته‌كان په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى حكومه‌تى وڵاته‌كه‌ى ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پێویستە ئەمریکا بەردەوامبێت لەهاوبه‌شى‌و پشتیوانیى لەگەڵ هاوبەشە کوردەکانمان، به‌تایبه‌ت شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده‌"، ده‌شڵێت، "ئەوان ڕاپەڕین‌و لەپێناو ئازادیدا جەنگان، زۆر گرنگە لەمساتە هەستیارەدا بەجێیان نەهێڵین".


سیناتۆری ئەمریکی کریس کونز له‌په‌یامێكدا وتویه‌تى، "هاوپەیمانە کوردەکانمان لەسوریا ساڵانێکە لەکاریگەرترین هاوبەشەکانن لەشەڕی دژی داعش".

كونز لەپلاتفۆڕمی خۆى له‌ئێکس ده‌ڵێت، "ئەمریکا دەبێت بەردەوامبێت لەوەستان‌و هاوبه‌شیكردن لەگەڵ هاوبەشە کوردەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

وه‌كو ئاماژه‌ى پێكردوه‌، "ئێمه‌ نیگەرانین لەبارەی دۆخی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەم بابەتە لەگەڵ سیناتۆرەکانی دیکەشدا باسده‌كه‌م، نابێت ئێمه‌ى ئه‌مریكى بکشێینەوەو ڕێگە بەپێشرەویی هێزە چەکدارەکانی سوریا بدەین، لەجیاتی ئەوە، پێویستە پشتیوانیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بکەین".

داواشی لەئیدارەی ترەمپ کرد، "بەرگریی لەهێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) بکات، کە ڕوبەڕوی "گوشارێکی گەورە بونەتەوە، ئەوان شانبەشانی ئەمریکیه‌كان، خزمەتیانکردوە، ئەوان ڕاپەڕین‌و لەپێناو ئازادیدا جەنگان، زۆر گرنگە لەم ساتە هەستیارەدا بەجێیان نەهێڵین".

ئه‌و سیناتۆره‌ى دیموكراته‌كان پەیامێکی ڕونی ئاراستەی ئیدارەی ئەمریکا کردو وتى، "هیوادارم سەرۆک ترەمپ‌و سەرکردەکانی ئەم ئیدارەیە ئەو ڕاستییە بەرونی ببینن كه‌ ئێمە لێرە دەیزانین؛ واتە ئێمە لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا خاوەنی هاوپەیمانی کوردیی گرنگین‌و شایستەن‌و پێویستییان بەپشتیوانیی ئێمەیە".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر لیندسی گراهام سیناتۆری ئەمریکی ڕایگەیاندبوو، یاسای ڕزگارکردنی کورد لەسوریا دەناسێنێت، کە ئامانج لێی سەپاندنی سزای توندە بەسەر هەر حکومەتێک یان قەوارەیەکدا کە بەشداریی کردەی دوژمنکارانە دژی کورد لەسوریا بکات.

گراهام دوپاتیکردەوە، لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکاو هاوبەشە ناوچەییەکان کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لەکۆمەڵکوژییەک لەسوریا دژی هاوپەیمانە کوردەکانیان.

بەپەلە