شارپرێس:
وهك نیشاندانى پاڵپشتى بۆ كۆمارى ئیسلامى ئێران، لایهنگرانى حزبوڵڵای عێراقی هەڕەشەی کردەوەی خۆکوژیی دژ بەهێزەکانی ئەمریکا دەکات.
لایەنگرانی کەتائیبی حزبوڵڵا لەعێراق ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی خۆکوژیی وەک پاڵپشتییەک بۆ ئێران ڕاگەیاندوه ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بانگەوازەکەی ئەبو حسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتائیب کە داوای ئامادەکاریی بۆ "جەنگێکی گشتگیر" دەکات دژی ئەمریکاو ئیسرائیل.
دوای ئەو ڕاگەیەندراوە، لەسۆشیاڵ میدیا وێنەی لایەنگرانی ئەو گروپە بڵاوکرایەوە کە کفنی سپییان پۆشیوەو فۆڕمی خۆبەخشی بۆ "کردەوەی شەهیدانە ـ كردهوهى خۆكوژیى" واژۆدەکەن.
حەمیداوی، ئێرانی بە"قەڵای ئومەت" ناوبردوهو جەختیکردوهتهوه، هەر هێرشێک بۆسەر ئەو وڵاتە، نابێتە "گەشتێکی ئاسان"و ڕەنگە ببێتە هۆی ڕاگەیاندنی "جیهاد".
ئەو گرژییانە لەکاتێکدایە، ناوچەکە بەهۆی ململانێی نێوان میحوەری ئێرانو بەرەی ئەمریکا ـ ئیسرائیل لەدۆخێکی هەستیاردایەو مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانتر لەئارادایە.
ئهمهش لهكاتێكدایه، دوێنێ چوارشهممه، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "کەشتیگەلێکی جەنگیی مەزن کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن سەرکردایەتیدەکات، بەخێراییو بەمەبەستێکی دیاریکراوەوە بەرەو ئێران بەڕێوەیە، ئەو هێزە زۆر لەو کەشتیگەلە گەورەترە کە پێشتر ڕەوانەی ڤەنزوێلا کرابوو، هەروەها هێزەکانمان ئامادەو خوازیارن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەخێراییەکی زۆر ئەگەر پێویست بکات".
هاوكات، مارك ساڤایه نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق، پەیامێكی توندی ئاراستەی میلیشیاكان كردو رایگەیاند، "ئەمریكا لێپیچێنەوە لەگەڵ هەموو ئەوكەسانە دەكات كە تێوەگلاون لەدزینی پارەی عێراق، كاریش دەكهین بۆ ئەوەی ڕێگریی بكهین لەگەیشتنی میلیشیاكانی سەر بەئێران بۆ دەسەڵات، ئێستا تیمەکەمان بەشێوەی مەیدانیی لەناو عێراق کاردەكەن بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ پێکهاتەی حکومەتی نوێ، لەهەمانكاتیشدا ڕێگریدەكەن لەگەیشتنی میلیشیاكانی سەر بەئێران بۆ دەسەڵاتو هیچ جومگهیهكى حوكمڕانیى لهعێراقدا".
