مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆنسەی ڕێڤەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایدەگەیەنێت، تورکیا و دیمەشق لەپاریس ڕێککەوتن بەشێک لە خاکی سوریا بدەنە ئیسرائیل، لەبەرامبەردا ئەوانیش دژی کورد لەو وڵاتە بجوڵێنەوە.
مستەفا قەرەسو لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای پەکەکە ڕایگەیاند، هێرشەکان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیەوە دەستیانپێکرد و ئێستا گەیشتووەتە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم هێرشانە هەر لەوێ ناوەستن، بەڵکو زۆر شوێنی دیکە کە کوردی لێیە دەگرێتەوە.
بەوتەی قەرەسو، ئەوەی شەڕی دژ بە ڕۆژئاوا بەڕێوەدەبات تورکیایە، ئەو پلان دادەنێت و سوپای سوریا جێبەجێی دەکات، وتیشی:"ئەگەر شەڕەکە هێزەکانی تەحریر شام (سوپای سوریا) پلاندانەری بونایە، هەرزوو هەڵدەهاتن و خۆیان بۆ نەدەگیرا، بەڵام ڕوونە ئەوان نین".
بەوتەی قەرەسو، سوپای ئێستای سوریا هەمان عەقڵیەتی داعشی هەیە، داواش دەکات گەلی کورد لە بەرخۆدان بەردەوام بن چونکە بە وتەی قەرەسو "تەنیا بەرخۆدان مافی نەتەوەیەک بەدەست دەهێنێت، نەک بە تەنها پەیوەندیی تاکتیکی".