شارپرێس:
لەڕاگەیەندراوێکدا سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان دەڵێت،هونەر هەمیشە زمانی زیندووی گەلان بووە و هونەرمەندانیش پێشەنگی ڕاستەقینەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان بوون. لەم ساتەوەختە هەستیارەدا کە کوردستان لە باشوورەوە تا ڕۆژئاوا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە، هونەرمەندان وەک هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەڵک و هاوشانی ئازارەکانی نیشتمان وەستاونەتەوە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەداخەوە، لەبری دەستخۆشی و هاوکاری، دەبینین کۆمەڵێک تاقمی توندڕەو و خاوەن بیرکردنەوەی چەقبەستوو، پەلامار و هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر هونەرمەندانی نیشتمانپەروەر. ئێمە لە سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بە توندی ئەم هێرشانە سەرکۆنە دەکەین و ڕای دەگەیەنین. هونەر تەنیا جوانکاری نییە، بەڵکوو هاواری ئەو کەسانەیە کە بێدەنگ کراون.
دەشڵێت، ئەوەی مێژووی کوردستانی لە فەوتان پاراستووە، شمشاڵی شوان و دەنگی ڕەسەنی هونەرمەندان بووە، نەک وتاری توندڕەوی و داخراوی. هونەرمەند سەربەستە لەوەی بە چ شێوازێک پشتگیری لە خاک و خەڵکەکەی دەکات؛ هیچ کەس و گرووپێک مافی ئەوەی نییە لە ژێر هەر ناوێکدا سنوور بۆ داهێنان و هەڵوێستی ئەوان دابنێت، لەهەمان کاتدا داوا لە هونەرمەندان دەکەین کە رێز لە بەها پیرۆزەکان و داب و نەریتی کۆمەڵگە بگرن و هەلوێستەکانیان ببێتە مایەی یەکڕیزی چینەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری.
سەندیکای هونەرمەندان دەڵێت، ئێوە ناتوانن بە زمانی هەڕەشە و ناوزڕاندن، پێش لەو ڕەوتە ڕووناکبیرییە بگرن کە هونەرمەندان ڕابەرایەتی دەکەن. تاریکپەرستی و داخراوی لە مێژووی ئەم گەلەدا جێگەی نابێتەوە. هێرشکردنە سەر هونەرمەند، هێرشکردنە سەر شکۆی نەتەوە و جوانییەکانی ژیانە. ئێمە وەک ماڵی گەورەی ئێوە، بە هەموو شێوەیەک پشتگیریتان دەکەین. چەکی ئێوە دەنگ و ڕەنگ و وشەیە، کە لە هەر تفەنگ و وتارێکی توندڕەوانە بەهێزترە. بەردەوام بن لە پێشەنگیی و مەهێڵن دەنگە نەشازەکان ساردتان بکەنەوە. هونەر چرایەکە لە تاریکیدا، ئەوانەی لە ڕووناکی دەترسن هەمیشە هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن، بەڵام ئەم چرایە بە هێرشی ناڕەوا ناکوژێتەوە.
